زووم، رۆژنامەى سەباح
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، لە زارى حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، بەمنزیکانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
عەبدولغەنی ئاشکرایکردووە حکومەتی ناوەندی گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی جێبەجێکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ هەولێر، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان و “لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێکردنەوەى رادەگەیەنین”.
بەگوتەى وەزیری نەوتی عێراق، ئەو کۆمپانیایەی راسپێردراون بۆ هەناردەکردنى نەوتەکە ئێستا سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستن لەگەڵ کڕیارانى نەوتی هەرێمى کوردستان.
لە رۆژى 25ى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بۆ بازاڕەکانى جیهان راگیراوە. بەگوێرەى سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، کە پێنجشەممەى رابردوو قسەى بۆ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت کردبوو، بۆ یەک مانگ 850 ملیۆن دۆلار زیان بەر حکومەتى هەرێم کەوتووە، لە ئەنجامى راگرتنى هەناردەى نەوتەکەى.
دوو رۆژ پێش ئێستا باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دواکەوتووە.
https://zoomnews.info/%d8%ad%da%a9%d9%88%d9%85%db%95%d8%aa%d9%89-%d8%b9%db%8e%d8%b1%d8%a7%d9%82-%d8%af%db%95%d8%b3%d9%be%db%8e%da%a9%d8%b1%d8%af%d9%86%db%95%d9%88%db%95%d9%89-%d9%87%db%95%d9%86%d8%a7%d8%b1%d8%af%db%95/