زووم، ئاژانسەکان:
بەکارهێنانی مۆبایل بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان،بەجۆرێک یەکەم کار کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستین بەکارهێنانی موبایلە و کۆتا کاریش پێش خەوتن سەیرکردنی موبایلەکانمانە.
زیادەڕۆی لە بەکارهێنانی موبایل جۆرێکە لە ئالودەبوون، هیچ هیوایەکیش نیە بۆ وازهێنان لێی. بەڵام ٥ نیشانە هەیە کە دەریدەخات ئالودەبوون بە بەکارهێنانی موبایل کاریگەری کردووەتە سەر تەندروستی جەستەمان.
بەگوێرەی گوتەی پسپۆران، کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی موبایل و ئامێرە زیرەکەکان لە گرژبوونی چاو و ئازاری مل و پشتەوە دەستپێدەکات، تاکو دەگاتە تێکچوونی خەو، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و کەمبوونەوەی تەرکیز.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، ئەو مەترسیانەی خستۆتەروو کاتێک مرۆڤ زیادەرۆیی دەکات لە بەکارهێنانی موبایل و ئامێرە زیرەکەکان، رۆژنامەکە دەڵێت: پێویستە کاتێک موبایل بەکاردێنیت ئاگاداری ئەم خاڵانە بیت.
گرژبونی مل
یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل کە پێی دەوترێت “ملی تەکنەلۆژی” کە لە ئەنجامی سەر شۆرکردنەوە بۆ سەر موبایلەکانمان روودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری مل و شان و بەشی سەرەوەی پشت، هەروەها دروستبونی سەرئێشە، هەموو ئەم ئازارانەش بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەکی درێژ تەنانەت ئەگەر موبایلەکانمان بکوژێنینەوە .
هیلاکبونی چاو
باوترین گلەیی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی مۆبایلەوە دروست دەبێت، هیلاکبونی چاوەکانە، چونکە مرۆڤ کاتێک موبایل بەکاردێنێت کەمترین جار چاوی دەتروکینێت بەروارد بە کاتێک موبایلی بەدەستەوە نیە.
کاتێک مرۆڤ موبایل بەکارناهێنیت لە خولەکێکدا 20 جار چاوی دەتروکێنیت، بەڵام کاتێک موبایل بەکاردێنێت ئەو ژمارەیە کەمدەبێتەوە بۆ “سێ جار” چاو تروکاندن لە خولەکێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاو و هەندێجاریش بینین ڵێڵ دەکات.
گرژبوونی دەست و مەچەک
لە هەر پێنج بەکارهێنەرێکی مۆبایل لە جیهاندا یەکێکیان تووشی گرژبوونی دەست و مەچەک دەبێت و لە هەر دە کەسێکیش یەکێکیان تووشی هیلاکبوونی بەردەوام دەبێت
کێشەی ئازاری دەست و مەچەک لە ئێستادا زیاترە باوە، لە کاتێکدا رۆژ بەرۆژ قەبارەی موبایلەکان بەرەو گەورەبوون دەچێت، ئەمەش فشارێکی زیاتر لەسەر ماسولکەکان دروست دەکەن.
هەروەها زۆرێک لە ئێمە مۆبایلەکە بە هەمان دەست دەگرین کە بەکاریدەهێنین بۆ جوڵاندنی شاشەی موبایلەکە، ئەمەش بیرۆکەیەکی خراپە، چونکە ماسولکەکانی پەنجە و پەنجەی گەورە ناچار دەکات هەوڵی گرتن و کشانی لە هەمان کاتدا بدەن.
بێ خەوی
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایلەوە دروست دەبێت، کەمی خەوتنە، بەنمونە نیوە زیاتری هاوڵاتیانی بەریتانیا بەهۆی بەکارهێنانی موبایلەوە “ناتوانن حەوت یان هەشت کاتژمێر” بخەون.
توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی سەنتەری توێژینەوەی “ئۆنوارد” تیشک دەخاتەسەر سەر ئەوەی کە چۆن بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتژمێرێک پێش خەوتن دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو.
لە رابردوودا وابیردەکرایەوە کە ئەو تیشکە شینەی لە مۆبایلەکانەوە دەردەچێت هۆکارە و رێگری دەکات لە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی خەو “میلاتۆنین” لە جەستەماندا.
بەڵام بە گوتەی شارەزایان، رووناکی هەر ڕەنگێک پێش خەوتن دەبێتە هۆی کێشەی خەوتن، ، ئەمەش وا دەکات مێشک مەحاڵ بێت لەکاربکەوێت و مرۆڤ بتوانێت بخەوێت..
نەمانی تەرکیز
ئەو نامانەی کە دەگەنە مۆبایلەکەت یان ئەو حەزە لەناکاوەی بۆ پشکنینی سۆشیال میدیا هەیە، دەبێتە هۆی سەرقاڵبوونت، چونکە سەرنجمان زۆر سەرقاڵ دەبێت بەهۆی زۆری زانیارییەوە.
زیادەرۆی لەبەکارێنانی موبایل دەبێتە هۆی ئەوەی مێشکمان هەرگیز پشوویەکی دروست وەرنەگرێت، وامان لێدەکات هەرگیز 100% سەرنجمان لەسەر یەک ئەرک بێت.