زووم:
فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عێراق بە هەموو شێوەیەک بیرۆکەى دروستکردنى هەرێمى تازە لە عێراق رەتدەکاتەوە کە “هیچ پاڵنەرێکى خزمەتگوزاریی و ئیدارى نەبێت و تەنها بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتى سیاسی بێت”.
عالیە نوسەیف پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاندووە، بابەتى هەرێم بابەتێکى دەستووریی و یاساییە و بەگوێرەى ئەو گرێبەستە سیاسییەى کە لە دەستووردا خۆى دەنوێنێت، رێککەوتنى لەسەرکراوە.
دەشڵێت، ئەگەر دروستکردنى هەرێم بە مەبەستێکى دیاریکراوى جوگرافى بێت و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى حزمەتگوزاریی و بەڕێوەبردن بێت لە پارێزگاکاندا، ئەوا هیچ عەیبێکى تێدا نییە، بەڵام ئەگەر بیرۆکەکە بە مەبەستى بەدەستهێنانى دەستکەوتى سیاسی بێت لە ناوەند و بۆ دروستکردنى “کەسایەتى” بێت، ئەوە بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە و بانگەوازەکان بۆ دروستکردنى هەرێم بەو میکانیزمە، خزمەت بە بەرژەوەندى دانیشتووانى ئەو پارێزگایانە ناکات.
عالیە نوسەیف بە دوورى دەزانێت بیرۆکەى دروستکردنى هەرێم لە ئێستادا سەرکەوتووبێت، چونکە ئەگەر سێ پارێزگا رەتیبکەنەوە ئەوا ناتوانرێت هیچ هەرێمێک دروست بکرێت، هەروەها دەبێت راپرسى لەنێو پارێزگاکەدا بکرێت و پاشان نوسراوێک بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرز بکرێتەوە و دەنگى لەسەر بدرێت، وەکو ئەو دەڵێت ئەم رێوشوێنانە رەنگە پێکهێنانى هەرێمى تازە قورس بکەن.
پەرلەمانتارەکەى دەوڵەتى یاسا کە نورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، دەشڵێت، سەلامەتترین رێگە دابەشکردنى سەرچاوەکان و دەستەبەرکردنى مافى پێکهاتەکانى عێراقە، نەک بەرەو پارچەپارچەبوونی پێکهاتەکان.
ئەو لێدوانەى عالیە نوسەیف لەکاتێکدایە، لە ماوەى رابردوودا لە ناوەندە میدیاییە عێراقى و عەرەبییەکان جارێکى دیکە بیرۆکەى دروستکردنى “هەرێمێکى سوننى” وروژێنرایەوە و باس لەوەکرا محەمەد حەلبووسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کە کەسایەتییەکى ناودارى سوننەیە، سەرۆکایەتى ئەو هەوڵە دەکات، بەڵام خودى حەلبووسى تائێستا هیچ لێدوانێکى فەرمى لەوبارەیەوە نەداوە.