زووم، ئارگەس
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دواکەوتووە.
باسم عەوادی قسەى بە ئارگەس میدیای بەریتانى کردووە و رایگەیاندووە، “دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت پەیوەندییەکی زۆری هەیە بە رێکارە تەکنیکییەوکانەوە، کە تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانیی چارەسەرێکن بەگوێرەی چوارچێوەیەکی یاسایی.”
ئەو دەڵێت: “چارەسەری ئەو کێشە تەکنیکییانە کاتێکی زۆر کەمی ماوە”.
عەوادی راشیگەیاندووە، ئێستا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، ناسراو بە سۆمۆ، خەریکی گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی عێراق هەناردەی دەرەوە دەکەن. گفتوگۆکانیش بەگوێرەی سیاسەتەکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق دەبن و فرۆشتنی نەوتى هەرێمى کوردستانیش بە هەمان نرخی فەرمیی نەوتی عێراق دەبێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە تورکیا بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانى داوە، کە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. ئەمەش دوای ئەوە هات مانگی رابردوو دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی، دوای نۆ ساڵ مانەوەی سكاڵاکەی عێراق لە دادگا، بڕیاریدا کە ئەنقەرە پێشێلی ئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیای کردووە، کە لە ساڵی 1973 لەنێوانیاندا واژۆکراوە. پێشێلکردنەکەش تایبەتە بەوەی تورکیا بەبێ رەزامەندیی بەغداد، لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 نەوتی هەرێمی لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازارەکانی جیهان کردووە.
ئەو بۆریەی نەوتی هەرێمى کوردستان و کەرکوک رەوانەی بەندەری جەیهان دەکات، تاکە رێرەوی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمى کوردستانە. هەولێر و بەغداد لە سەرەتای ئەم مانگەوە رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆکرد بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغداد، نەوتی هەرێم بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە دەکرێت. خاڵە تەکنیکییەکانی رێککەوتنەکە پەیوەندییان بەو رۆڵە تازەیەی سۆمۆوە هەیە وەک بە بازاڕکەرێکی نەوتی خاوی هەرێم، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەفەرمی نرخی بۆ دادەنرێت.
هەر بەگوێرەى رێککەوتنەکە هەژمارێک لە بانکی ناوەندی عێراقی دەکرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکانی نەوتی هەرێم. هەژمارەکە لەلایەن هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام حکومەتی عێراق دەسەڵاتی چاودێریکردن و وردبینیکردنی دەبێت بەسەریدا.
جیا لە گفتوگۆ نێوخۆییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تورکیا لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە پابەندکراوە کە 1.47 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتەوە بە عێراق، بەهۆی ئەوەی پێشێلی رێککەوتنەکەی کردووە. لە بەرامبەردا، تورکیا پێدانی ئەو بڕەپارەیەی راگرتووە و دوای جێبەجێکردنی دۆسیەیەکى دیکەی دادگاکە دەکات کە تێیدا لە بەرژەوەندیی تورکیا بڕیاری لەبارەوە دراوە.
عەوادی رایگەیاندووە، بەغداد لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە گفتوگۆدایە. سەبارەت بەوەی کە عێراق هیچ گرەنتییەکی پێدرابێت لەلایەن تورکیاوە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە، عەوادی رایگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایانکردووە کاتێکی کەمیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی پشکنینێک بۆ بۆرییەکان بکەنەوە کە ئایا لە هیچ شوێنێک بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانی پێ نەگەیشتووە.”
بەهۆی بڕیارەکەی دادگاوە، هەناردەی نزیکەی 470 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە راگیراوە، کە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و 70 هەزاریشی هی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکە.
بەهۆی وەستانەوە چەندین کۆمپانیای دەرهێنانی نەوتی هەرێم کارەکانیان راگردووە لەوانەش: گەڵف کیستۆنی بەریتانى و دی ئێن ئۆی نەرویجی، چونکە هیچ شوێنێکیان بۆ عەمبارکردنی نەوتەکە نەماوە.
کۆمپانیای نەوتی فۆرزای کەنەدی رایگەیاندووە کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی هەولێر، کە بەرهەمی رۆژانەیان 15 هەزار بەرمیل بووە، راگرتووە و ئێستا تەنها برێکی کەم بەرهەمدەهێنن کە لە عەمبارەکاندا هەڵیدەگرن. ئەمەش بۆ ئەوەیە پارێزگاریی لە پەمپە دەستکردەکانی دەرهێنانی نەوت بکەن. ئاماژەی بەوەشداوە “ئەگەر نادڵنیاییەکانی هەناردەی نەوت درێژە بکێشێت، بیر لەوە دەکەینەوە ئامێر و سەرچاوەکانمان لەکاردەوەستێنین بۆ ئەوەی تێچووی کارکردنەکانیان کەم بکەینەوە.”