زووم، ئاژانسەکان
فەرماندە سەربازییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان و دەزگا هەواڵگرییەکان گەیشتوون بەو ئەنجامەى داعش لە رووى کردەى چەکدارییەوە بەرەو کۆتاییهاتن دەچێت، بەڵام ئەوەى بۆ ئەوان جێگەى مەترسییە، بەردەوامبوونى ئایدۆلۆژیاکەیەتى، کە هێشتا چالاکە.
جەنەراڵ ماتیو ماکفارلەین، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش، رایگەیاند داعش ئێستا توانای ئەنجامدانی کردەى چەکدارى لەو ناوچانە نەماوە، کە رۆژانێک بەشێک بوون لە خەلافەتەکەی.
ئەو دەڵێت، هەست بە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی کردە چەکدارییەکانى لە عێراق و سوریا دەکەین، بۆ نمونە لە رۆژانی جەژنى رەمەزاندا کەمترین هێرشی لەماوەی سەرهەڵدانییەوە تاوەکو ئێستا بەدیکراوە.
جەنەراڵ ماتیو ماکفارلەین دەڵێت: “هەموو ئەو جموجۆڵانەی داعش کە ئێمە چاودێرییان دەکەین بەرەو کەمبوونەوە یان لاوازبوون دەچن.”
ئەم جەنەڕاڵە، مانگى رەمەزان وەک نمونەیەکى دڵخۆشکەر دەبینێت و دەڵێت: “رەمەزانى ئەمساڵ، یەکێک بوو لە هێمنترین مانگەکان لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، لەکاتێکدا پێشتر داعش هەمیشە کردە چەکدارییەکانى لە مانگى رەمەزاندا زیاتر دەکرد”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوپەیمانان، داعش لە مانگی رەمەزاندا لە عێراق 19 هێرشی ئەنجامداوە، ئەمەش بەرێژەی 80% کەمترە لە ساڵی رابردوو، هەروەها بەرێژەی 87% کەمترە لە ساڵی 2020″.
سەبارەت بە سوریاش، بەهەمانشێوە داعش 19 هێرشی ئەنجامداوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو و ساڵی 2020 بە رێژەی 37% و 70% کەمیکردووە.
جەنەراڵ ماتیو ماکفارلەین دەڵێت زۆرینەی هێرشەکانیش بچوک و دەرفەتیی بوون. “داعش شکستیهێناوە لەوەی چالاکییەکانی بەشێوەی رێکخراو و هەماهەنگیی ئەنجام بدات”.
هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا داعش لە دۆخێکی خراپدایە و شەڕی مانەوە دەکات. لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانیکەم 13 بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەیان لە عێراق و سوریا کوشتووە.
سەبارەت بە ژمارەى چەکدارانى رێکخراوەکە، بەگوێرەى چەند ئاژانسێکى هەواڵگری، ئێستا ژمارەیان لە عێراق و سوریا بە 2500 بۆ 3500 چەکدار دەخەمڵێندرێت. کە ئەمە ژمارەیەکى کەمە بەراورد بەو 34 هەزار چەکدارە چالاکەی لەماوەی 5 بۆ 7 ساڵی رابردوودا لەم دوو وڵاتە بوون.
بەڵام سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەیان، چەند بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێن هێشتا دۆخەکە پێویستی بە ئاگادارییە، چونکە لەوبڕوایەدان داعش خەریکی خۆ رێکخستنەوەیە لە عێراق و سوریا.
لەم نێوەندەدا بەشێک لە بەرپرسان و شرۆڤەکاران نیگەرانی دۆخی سوریان، بەتایبەتی کەمپی پەنابەران، کە لەوبڕوایەدان دەبێت بە شوێنى دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا. ترسەکەش زیاتر لە کەمپی هۆلە.
ئەم کەمپە دەکەوێتە پارێزگاى حەسەکەى رۆژئاڤاى کوردستان، ئێستا 51 هەزار کەسی تێدایە، زیاتر لە 30 هەزاریان منداڵن.
مانگی رابردوو مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند: “50%ی دانیشتووانی کەمپەکە جۆرێک لە لایەنگیرییان بۆ ئایدۆلۆژی داعش هەیە”. چونکە ژن و منداڵى چەکدارانى پێشووى داعشن و لەوێ کۆکراونەتەوە.
دانا سترۆڵ، جێگری سکرتێری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ترسی لە سەرهەڵدانەوەى داعش ناشارێتەوە، ئەو دەڵێت ئەو دۆخەی بووە هۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی داعش تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
هاوکات جەنەراڵ ماتیو ماکفارلەین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش جەخت لە هەمان بۆچوون دەکاتەوە و لەوبڕوایەدایە ئایدۆلۆژیای داعش تاوەکو ئێساش سنوردار نەکراوە و چالاکە. بۆیە ترسەکە ئێستا لە بوونى داعش نییە لەسەر ئەرزى واقیع، بەڵکو ترسە لە بەردەوامبوون و گەشەکردنى ئایدۆلۆژیاکەى لە هزرى لایەنگر و نەوەکانى چەکدارانى داعشدا.