زووم، ئاژانسەکان
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، هێزەکانی تاڵیبان هێرشیکی زەمینییان ئەنجامداوە و سەرکردەیەکی باڵای داعشیان کوشتووە، کە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئابی ساڵی 2021ی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، کە بەهۆیەوە 13 سەربازی ئەمریکی و 170 هاوڵاتی ئەفغانی کوژران.
لە سەرەتادا، هیچ کام لە ئەمریکا و تاڵیبان دڵنیا نەبوون لە کوژرانی سەرکردەکەی داعش چونکە کوشتنەکەی لە چەند زنجیرە روبەڕوبوونەوەیەکی تاڵیبان و شانە نوستووەکانی داعش بووە لە باشوری ئەو وڵاتەدا، کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە روویانداوە.
بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا کوشتنی سەرکردەکەی داعشی “بەوپەڕی دڵنیایییەوە” پشتڕاستکردەوە.
شەوی رابردوو جەنەراڵ پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، رایگەیاند، پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی کابوڵ لەلایەن تاڵیبانەوە کوژرا. ئاماژەی بەوەشکردووە هێزەکانی ئەمریکا لەو ئۆپەراسیۆنەدا “بەشدار نەبوون.”
لەدوای بڕیارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بە هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی رویانکردە فڕۆکەخانەی کابووڵ بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا، لەترسی حوکمی تاڵیبان، بۆ ئەمریکا کۆچ بکەن.
لەوکاتەدابوو کە ترس لە حکومەتی تاڵیبان بە دەنگی تەقینەوەیەکی خۆکوژیی گەورە لە دەروازەیەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ راچڵەکی و دواتر داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
لەدوای حوکمی تالێبان، یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە گروپی توندڕەوی داعش بووە کە بە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان ناسراوە. گروپەکە کە زیاتر لە 4000 ئەندامی هەیە، بەردەوام بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەتایبەت بۆسەر کەمینەکان. هەربۆیە لەوکاتەوە چەندین هێرش و تەقینەوەی جیاجیای لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە.