کەمێک لەمەوبەر شڵەژانێک لە چەمچەماڵ دروستبوو، تەقە لە کوڕێکی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، لەبەرامبەردا کەسوکاری کوژراوەکە هێرشیانکردووەتە سەر ماڵێک و سووتاندوویانە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ زوومی گێڕایەوە، کە ئەم پاشنیوەڕۆیە تەقە لە کوڕێکی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کراوە، کە کەسایەتییەکی ناوداری چەمچەماڵە. بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە کوڕەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کوژراوە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، کەسوکاری کوژراوەکە گومانیان لە خێزانێک هەبووە کە ئەو کارەیان کردبێت، بۆیە بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ماڵە و وەکو سەرچاوە ئەمنییەکە بە زوومی گوت، ماڵەکەیان سووتاندووە.
هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ و سلێمانی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن، بۆ ماوەیەک شەڕە تەقە و روبەڕوبونەوەی روویداوە، تاوەکو چەند خولەکێک بەر لە ئێستاش دەنگی تەقە لە چەمچەماڵ بیستراوە.
کوشتنی کوڕەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو پاش کوشتنی کارمەندێکی ئاسایش، کوڕێکی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک بە کوشتنەکەی تۆمەتبارکرا.
مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، کەسوکاری کوژراوەکە واتە کەسوکاری کارمەندەکەی ئاسایش، کوڕێکی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەکیان تۆمەتبارکرد بەوەی دەستی لە کوشتنی کوڕەکەیاندا هەبووە.
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوکات عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و گوتبووی بچووکترین بەڵگە لەبەردەستدا نییە کە چۆن و کێ ئەو کارمەندەی ئاسایشی کوشتووە.
دیمەنەکانی بەخاکسپاردنی کوڕەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، کە پێشتر هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و ئێستاش چووەتە نێو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، رایگەیاندبوو کە دوای رووداوەکە چوونەتە دادگا و بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەکەوە بە زوویی ئازادکراون.
ئەم رونکردنەوەیەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک بۆ کەسوکاری کوژراوەکە قەناعەتپێکەر نەبوو، بە ئێستاشەوە دەستی تۆمەت بۆ کوڕەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک درێژدەکەن.
لە ئێستادا عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک جگەلەوەی کادیرێکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە چەمچەماڵ، هاوکات برایەکیشی بەناوی مەحمود کوێخا موبارەک فەرماندەی فەوجێکی سەر بە هێزەکانی هەشتای پارتی دیموکراتی کوردستانە.
کردنەوەی ئەم فەوجە بۆ براکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، پاش ئەوەدێت کە بزووتنەوەی گۆڕانی جێهێشت و چووە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.