زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری چوار سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دوای مانگێک لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، چەند ئاماژەیەکی کۆنکریتی کەم هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە.
دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، تورکیا لە 25ی مانگی رابردودا و رێک مانگێک لەمەوبەر، هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانی راگرت. لە بڕیارەکەی دادگادا، تورکیا پابەندکرا بە بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری زیانەکانی بەغداد قەرەبوو بکاتەوە، کە بەهۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوتی هەرێمەوە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 زیانی بەرکەتووە. سەرەڕای هەرێم، بۆرییەکە لە رۆژێکدا نزیکەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد.
دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان گوتووە، دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمى کوردستان، بەدەست نەبوونی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت، لەکاتێکدا کە خۆی پێشتر لەژێر فشاردابووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆیتەرز، ئەو زیانەی حکومەتى هەرێم لەماوەی یەک مانگی رابردوودا بەهۆی راگرتنى هەناردەی نەوتەکەى بەری کەوتووە، بە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئەمەش لەلایەن رۆیتەرزەوە حساباتی بۆکراوە بەوپێیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ماوەی 31 رۆژ 375 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە راگیراوە و حساباتی ئەو داشکاندنە “مێژوویییەی” نەوتی هەرێمیش کراوە کە لەبەرامبەر نەوتی خاوی برێنت هەرزانتر فرۆشراوە.
لە سەرەتا ئەم مانگەدا و لە 4ی نیسان، هەرێم و بەغداد رێککەوتنێکی کاتییان واژۆکرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. بەڵام دەستپێکردنەوەی هەناردەکە زیاتر دواکەوتووە لەکاتێکدا هەردوو حکومەت خەریکی چارەسەرکردنی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەن.
حکومەتی هەرێم لە رێککەوتنەکەدا رازیبووە بەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی سۆمۆ نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەمەش وادەکات هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی ئاسیا سنوردار بکرێت و نرخەکەشی بەهەمان نرخی فەرمیی نەوتی کەرکوک دادەنرێت.
ئێستا گفتوگۆکانی تایبەت بە گرێبەستەکانی سۆمۆ بەردەوامە. بەڵام بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان کە بۆ رۆیتەرز قسەیانکردووە، چۆنێتى پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
دوو بەرپرسی عێراق پێشتر بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی ناوەندیی عێراقی و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا دەبێت، بەڵام بەغداد دەتوانێت چاودێریی بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، سێ سەرچاوەی دیکە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، وردەکاریی لەبارەی ئەو هەژمارە بانکییەوە لەژێر پێداچوونەوەدایە، بەتایبەتی لە بواری شوێنی هەژمارەکە، کە پێدەچێت لە دەرەوەی عێراق دابنرێت.
دوو سەرچاوەی دیکە بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، ئێستا هەولێر و بەغداد چاویان لەوەیە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوودا هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکیان رایگەیاندووە، ئەمەش زۆر دوورە لەوەی گەرەنتی بکرێت. لەبەر ئەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی شارەزا لە پیشەسازیی نەوت، دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە دەخایەنێت.
لەبارەی ئەو زانیاریانەوە رۆیتەرز پەیوەندی بە هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و نەوتی عێراق کردووە، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەداوەتەوە.
هەر کاتێک هەولێر و بەغداد گەیشتنە چارەسەرێک، هەناردەی نەتی هەرێم دەکەوێتە دەستی تورکیا.
چەند سەرچاوەیەک پێشتر بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو تورکیا داوای گفتوگۆی روبەڕوی لەگەڵ بەغداد کردووە لەبارەی ئەو یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی کە دەبێت وەک قەرەبوو بیدات بە عێراق.
تورکیا دەشییەوێت بەر لە دەستپێکردنوەی هەناردەی نەوت کێشەیەکی دیکە کە تایبەتە بە پرسی هەناردەی نەوتی ساڵی 2018 کە لە هەمان دادگادا دۆسیەکەى لە بەرژەوەندیی تورکیا یەکلایی کراوەتەوە.
سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەداوە، لاوازی خواستی عێراق بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە تورکیای نیگەران کردووە.
سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، تورکیا ئەو پرسەی بەهۆی هەڵبژاردنەکانی 14ی وڵاتەکەیەوە هەڵپەساردووە. بەڵام وەزارەتی وزەی تورکیا لەوبارەیەوە هیچ وڵامێکی رۆیتەرزی نەداوەتەوە.
بەهۆی سنورداریی عەمبارەکانی نەوت لە هەرێمى کوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانیدا راگیراوە.
کۆمپانیای راوێژکاری OilX وەستانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بە 350 هەزار بەرمیلی رۆژانە خەمڵاندووە.
ئێستا کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێڵگەکە رێژەکەی لە 135 هەزار بەرمیلەوە بۆ 100 هەزار دابەزاندووە. ئەم بەرهەمهێنانەش بۆ دابینکردنی نەوتە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
بەگوێرەی گوتەبێژێکی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە بڕی 4500 بەرمیل نەوتی رۆژانە بەردەوامە و بەرهەمەکەشی عەمبار دەکرێت.