حەسەن جەمال نوسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا و کاندیدی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمانى تورکیا دەڵێت، پێویستە مێزێکی تایبەت بە چارەسەری پرسی کورد دابنرێت و کەسە یەکەمەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە لەسەر مێزەکە کۆببنەوە.
حەسەن جەمال کاندیدی پەرلەمانە لە پارێزگای ئەستەنبوڵ، لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری کێشەی کورد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیای نزیک لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، قسەی کرد.
‘ئەردۆغان لای کورد متمانەی لەدەستداوە’
حەسەن جەمال لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، “لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، ناسنامەی کورد، زمانی کوردی رەتکرایەوە. ئەمەش بووە هۆی خوڵقاندنی کێشەی کورد لەو وڵاتە. چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیەش وەک شاخێک بووەتە بەربەست لەبەرامبەر تورکیا. مەینەتیەکانیش وایان کرد کە هاوڵاتیان، دەسەڵاتدار و سیاسەتمەداران دەست بۆ چارەسەری ببەن. دەستیان بە نوسین کرد لەسەر کێشەکە. لە سەردەمانێک نەماندەتوانی باسی وشەی کوردیش بکەین. نەماندەتوانی باسی کێشەی کورد بکەین. ئەمانە هەمووی قەدەغە بوون. بەڵام دواتر ئەمانەمان تێپەڕاند. لە ئەنجامدا گەیشتینە قۆناغێک کە باسی چارەسەری کێشەی کورد بکرێت. کێشەی کورد زیاتر لە سەردەمی ئەردۆغاندا کە لە سەرەتای دووهەزاردا هاتە سەر دەسەڵات زەق بووەوە. ئەردۆغان کێشەی کوردی لەژێر سێبەری سوپادا دەرهێنا و لە ساڵی 2005دا لە ئامەد گوتی، ‘ کێشەی کورد هەیە، دەوڵەتیش هەڵەی کردووە’. ئەمە قسەی سەرۆکوەزیرێک بوو کە بۆ یەکەم جار نوێنەرانی رەوانەی ئۆسلۆ کرد و لەوێ لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە دەستی بە دانوستان کرد. هاکان فیدانی نارد کە لە ئیستادا سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە. ئەمانە هەموو پێشهاتی ئەرێنی بوون و پرۆسەی سیاسی دەستی پێکرد. بەڵام دواتر ئەردۆغان کۆتایی بە پرۆسەی سیاسی هێنا و مێزی دانوستانی قڵپکردەوە. پرۆسەکە کۆتایی هات و ئەردۆغانیش لای کوردەکان، متمانەی خۆی لەدەستدا و بەم شێوەیە کێشەی کورد جارێکی دیکە رەوانەی سەر رێڕەوی شەڕ کرایەوە.”
‘ئەردۆغان نەیدەزانی کێشەی کورد چییە’
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەسەن جەمال ئاماژەی بەوەکرد، ” ناتوانم بیڵێم لەو سەردەمەدا ئەردۆغان لە دڵەوە ئەو کارەی نەدەکرد یان پلانی دیکەی هەبووە. دۆخی سیاسی ئەو کاتە، ئەردۆغانی بەرەو ئەو سیاسەتە پاڵ پێوەدەنا. نەیدەزانی کێشەی کورد چییە. لە ناخی دڵیەوە هەستی بە کێشەی کورد نەدەکرد، نەیدەزانی کێشەی کورد چۆن چارەسەر دەبێت. چارەسەری کێشەی کوردی تەنیا لە لێبۆردنێکی گشتی و گەڕانەوە لە شاخ دەبینی. ئەمەش کێشەکەی چارەسەر نەدەکرد. لە روویەکی دیکەوە، ئەردۆغانیش پرسەکەی رت دەکردەوە.”
‘ تاوەکو ئەردۆغان نەڕوات رێگە بۆ چارەسەری کێشەی کورد ناکرێتەوە’
حەسەن جەمال ئاماژەی بە قۆناغی نێوان 2013 و 2015 کرد کە چەند جارێک سەردانی قەندیل کرد و هەوڵیدا لە چارەسەری کێشەی کورددا رۆڵ بگێڕێت و گوتی، ” ئەردۆغان کێشەی کورد بە هەموو شێوەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی بەکارهێنا. وای پیشاندا کە کێشەکە چارەسەر دەکات و بەم شێوەیە دەنگی کۆکردەوە. کە بینیشی دەنگەکانی لەدەست دەدات، دەستی لە چارەسەری کێشەی کورد هەڵگرت. هەموو شتێکی بە هەڵبژاردنەوە بەستەوە و ویستی دەنگ کۆبکاتەوە. لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغێک کە تاوەکو ئەردۆغان شکست نەهێنێت، رێگە بۆ چارەسەری کێشەی کورد ناکرێتەوە. ئەگەر بانگەشەی ئەوەش بکات کە ‘وەرن سەرلەنوێ دەست بە پڕۆسەکە بکەینەوە’ بەڵام کەس متمانەی پێناکاتەوە.
‘دەبێت نەخشەڕێگەی چارەسەری ئامادە بکرێت’
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا باسی چۆنیەتی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکات و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، ” ئەم قسانەی من بۆ مێژوو هەڵگرن، چارەسەری کێشەی کورد بە سازان دەکرێت. کێشەی کورد بە دیالۆگ، سازان و نەرمبوونەوە چارەسەر دەکرێت. هیچ چارەسەرێکی دیکەی نییە. لایەنەکان بە مەرجی قبوڵکردنی داواکارییەکانیان ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن. دەبێت مێزێکی تایبەت بە چارەسەری پرسی کورد دابنرێت و کەسە یەکەمەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە لەسەر مێزەکە کۆببنەوە. سەرۆکەکانی کورد و سیاسەتمەداران لەسەر مێزەکە کۆببنەوە و قسە بکەن. دەبێت نەخشەیەکی چارەسەری ئامادە بکرێت. شارەزایان کێشەکە نەخشەرێگەیەک ئامادە بکەن و سەرۆک و سیاسییەکان لەبارەیەوە کۆببنەوە و لە ئاسانترینیانەوە تاوەکو سەختترینیان دەست پێبکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەمە بە تەنیا بە رۆحی سازان دەبێت، بە شەڕ و جەنگ نابێت. تاوەکو ئێستا بە شەڕ ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرا. بەپێچەوانەوە گەیشتە بنبەست.”