نەتەوەیەکگرتووەکان هەر رۆژە و هۆشدارییەک دەدات، دواینیان برسیبوونى منداڵانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستە.
17ی 10 کە رۆژی جیهانی بنبڕکردنی هەژارییە، رێکخراوى یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکى تێدا بڵاوکردەوە، دەڵێت بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و جەنگى ئۆکراینا ئاستی هەژاری منداڵانی لە سەرانسەری ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست بەڕێژی 19% بەرزکردووەتەوە.
یونیسێف داتاى 22 وڵاتی ناوچەکەى کۆکردووەتەوە و دەڵێت منداڵان قرسترین کاریگەریی قەیرانی ئابورییان لەسەرە، هۆکارەکەشى هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراینایە، کە هەشت مانگە بەردەوامە.
لەو 22 وڵاتەى رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست ئەمساڵ 10 ملیۆن و 400 هەزار کەس لەژێر هێڵى هەژاریدان، منداڵان 40%ى ئەو ژمارەیە پێکدەهێنن.
ئەفشان خان، بەڕێوەبەری ناوچەیی یونیسێف بۆ ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست دەڵێت لە سەرتاسەری ناوچەکە بەهۆی جەنگە ترسناکەکەوە منداڵان خەریکە لەناودەچن.
روسیا لە پلەى یەکەمى هەژارى منداڵاندایە بەهۆى هێرشەکانییەوە، سێ لەسەر چوارى زیادبوونى رێژەى هەژارى و برسێتى منداڵان لە روسیایە، ئەمە جگەلەوەى دوو ملیۆن و 800 هەزار کەسی دیکە لەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان.
ئۆکراینا لە پلەى دووەمدایە و 500 هەزار منداڵی لە هەژاریدا دەژین، رۆمانیاش لە پلەى سێیەمدایە و 110 هەزار منداڵى لە دۆخى هەژاریدان.
کاریگەرییەکانى جەنگى ئۆکراینا تەنها هەژاری و برسێتى نییە بۆ منداڵان
وەک ئەفشان خان دەڵێت، منداڵان دەکوژرێن، کەمئەندام دەبن و ئاوارە دەبن، ئەمەش کاریگەری وێرانکەری لەسەر منداڵان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستدا دروستکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى یونسێف بەرزبوونەوەى هەژاری رەنگە، ببێتە هۆی مردنی 4500 منداڵ، کە هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووەتە ساڵێک، 117 هەزار منداڵیش لە خوێندن دادەبڕێن.
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارى زیادبوونى هەژارى و برسێتى منداڵان دەدات و داواى پشگیرى نێودەوڵەتى دەکات، پێشئەوەى دۆخەکە لە ئێستا خراپتر بێت.