ئەگەر سودانی بەڵێنەکەی شەوی رابردووی جێبەجێبکات، ئەگەر بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسەند بکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە بدرێت، ئیدی کۆتایی بە چاوەڕوانییە دوور و درێژەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دێت، چیتر چاوەڕوانی ئیعلانکردنی لیستی مووچە ناکەن، خانەنشینە بەتەمەنەکان ریز بۆ وەرگرتنی موچەکانیان نابەستن و پێویستیش بە وەستانی ئەمبولانس ناکات لە نزیک بنکەکانی وەرگرتنی مووچە.
لەلایەکی دیکەشەوە میدیا و پەیجەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پشت بە هەواڵی مووچە نابەستن بۆ زیادکردنی لایک و بینەری پەیجەکانیان، بەڵێنی سەرۆکوەزیرانەکانی هەرێمیش جێبەجێ دەبێت، کە دەیانگووت هەوڵدەدەین مووچە نەبێتە هەواڵی کەناڵەکان.
ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق خاوەندارێتیی لە قسەی خۆی بکات، ئەوا مووچەخۆرانی هەرێم دەچنەوە دۆخی پێش 2014، هەمووان لە رۆژێکدا مووچە وەردەگرن و چیدیکە فەرمانبەرانی لیژنەی مووچەی وەزارەتەکان چەندین کاتژمێر لەبەردەم بانکەکاندا ناوەستن و لە کۆتاییدا پێیان بگوترێت پارە نییە.
محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق شەوی رابردوو لە دیداریدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، گوتی پابەنددەبین بە دابینکردنی مووچەی هەموو فەرمانبەران، جا لە هەرێمی کوردستان بێت یاخود پارێزگاکانی دیکەی عێراق. سودانی گوتی ئێمە بەرپرسیارین، ئەمەی کە دەیڵێین نە مەکرەمەیە و نە مژدە، بەڵکو ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵییە کە جێبەجێی بکات.
ئەم بەڵێنەی سودانی لە پڕێکدا نەبوو، وادەردەکەوێت لەوکاتەوەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق رایانسپاردووە سەرۆکایەتیی کابینەی حکومەت وەربگرێت، ئەمیش دەستی بە پلانەکانی کردووە، بێگومان لەمەشدا هاوپەیمانەکانی لەگەڵیدا بوون.
ئەو رستەیەی سودانی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەیەوە بەردەوام دەیگوتەوە، بریتی بوو لە پەلەکردن لە تێپەڕاندنی بودجەی عێراق، ئەمەی بە هەنگاوی یەکەم دادەنا بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی.
ئەگەرچی شەش مانگ زیاترە سودانی دەستبەکاربووە و هێشتا بودجە پەسەندنەکراوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە سودانی شکستی هێنابێت، ئەو بەر لەوەی بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ پەرلەمان بنێرێت، هەندێ هەنگاوی ناوە و توانیویەتی هەندێ بابەت یەکلابکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە.
لە سەردەمی سودانی دا دادگای باڵای فیدراڵی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە نایاسایی دانا، بۆ ئەوەی رێگە لە رەوانەکردنی هەموو جۆرە پارەیەک بگرێت بۆ هەرێم، بەمەش ناڕەزایی بەشێک لە شەقامی عێراقی خامۆش کردەوە، کە دەیانگوت هەرێم بۆ خۆی نەوت دەنێرێت و بەغدادیش پارەی بۆ دەنێرێت.
دواتریش ئەوکاتەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی سودانی پرۆژەیاسای بودجەی ئامادەکرد و ناردیانە پەرلەمان، سودانی بە روونی و راشکاوی گوتی، کە هەژمارە بانکییەکانی نەوتی هەرێم دادەخرێن و داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە یەک هەژماری بانکییەوە و لەژێر چاودێریی حکومەتی فیدراڵدا دەبێت.
ئەم لێدوانەی سودانی هەنگاوی دیکەی بەدوادا هات، هەر لە سەردەمی سودانی بوو، کە دادگایەکی دیکە بەڵام ئەمجارە لە پاریسەوە بڕیاری لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
ئەمانە رێگەیان بۆ رێککەوتنێکی نەوتی لەنێوان هەولێر و بەغداد خۆشکرد، سەرەنجام هەردوولا لە 4ی نیساندا واتە دوو هەفتە لەمەوبەر چوونە سەر یەک مێز و رێککەوتنێکی کاتییان ئیمزاکرد بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
ئەم رووداوە یەکلەدوای یەکانە ئەوەی لێکەوتەوە کە سودانی بە رایگشتی عێراق و هەرێم بڵێت، ئیدی ئەوان بەرپرسن لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە زاخۆوە تاوەکو فاو. بۆیە سەرگرتنی ئەم پلانانەی سودانی، بە مانای ماڵئاواییکردن دێت لە ئیعلانکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆشدامانی موچەخۆران و چاوەڕوانییەکانیان بۆ وەرگرتنی موچە. بەڵام ئەگەر سودانی پابەندی ئەو بەڵێنەی شەوی رابردووی نەبێت، ئەوا سوڕەکە بەردەوام دەبێت، مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت هەمیشە دەستیان لەسەر دڵیان بێت تاوەکو لیستی موچە ئیعلان دەکرێت، هەروەها ئەو دەرگای خۆشگوزەرانییەش ناکرێتەوە، کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەدوای رێککەوتنە نەوتییەکەی 4ی نیسانەوە باسیان دەکرد.