بەگوێرەى راپرسییەک لە باکورى کوردستان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدى ئۆپۆزسیۆن 70% و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى دەسەڵات لە 20%ـى دەنگی هاوڵاتییان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەدەستدەهێنن.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی “سامەر” ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندەکەی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسییەکان لە سەرتاسەری تورکیا و دەنگی جەهەپە و سەرۆکەکەی “کەمال کلچدارئۆغلۆ” لە شارەکانى باکوری کوردستان بڵاوکردەوە.
یوکسەل گەنچ بەڕێوەبەرى ناوەندەکە رایگەیاندووە کە بەتایبەت لەبارەی رای دەنگدەرانی کورد راپرسییان کردووە و بەگوێرەی ئەنجامەکان رێژەی دەنگی جەهەپە 5٪ـە، بەڵام کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆکی جەهەپە نزیکەی 70٪ی دەنگى هاوڵاتیانى باکورى کوردستان بەدەستدەهێنێت.
لە بەرامبەردا رێژەی دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار لە باکوری کوردستان نزیکەی 20٪ە.
گەنچ باسی ئەوەش دەکات کە نزیکەی 15٪ی دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و ئەگەر ئەوانیش خۆیان یەکلایی بکەنەوە، ئەوا دەنگی کلچدارئۆغلۆ زیاتر دەکات.
بەگوێرەی راپرسییەکە دەنگی پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستى هەموو تورکیا بەمشێوەیە دەبێت:
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 35.8٪
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 30.4٪
پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) 10.3٪
پارتی باش 9.2٪
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست 7.4٪
پارتی مەملەکەت 2.6٪
پارتی کرێکارانی تورکیا 2.2٪