لە سلێمانی خۆپیشاندان، لە بەغدا موشەک و دانیشتنی پەرلەمان، لە زۆر شوێنی هەرێمی کوردستانیش.. بۆردومان.
جارێکی دیکە تاشەبەردەکان بوونەوە بە پەناگەی کوردان، جارێکی دیکە دەنگی موشەک و تۆپباران ئارامیی لە منداڵی کورد بڕی.
ئەم دیمەنانە گوزارشت بوون لە دۆخی ئەمڕۆی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، سێ ناوچەی جیاواز کەوتنە بەر بۆردومانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆیە و پردێ و زڕگوێز کە بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی لێیە، ئامانجی بۆردومانەکانی ئێران بوون.
ئەنجامی کۆتایی بۆردومانەکان تەنها زیانی گیانی نەبوو، بەگوێرەی دوایین ئامار، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسیش بریندار بوون.
ئەم بۆردومانەی ئێران لەناکاو و لەپڕێکدا نەبوو، سوپای پاسداران چوار رۆژ لەمەوبەر دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئاگرباران و تۆپبارانی راگەیاندبوو، هەر ئەوکات داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کردبوو لە بنکە و بارەگای ئەو حزبانە دوربکەونەوە، کە دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، سەرەنجام پاش بۆردومانی پچڕ پچڕی رۆژانە، ئەمڕۆ دۆخەکە تەقییەوە.
گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، نەک ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیشی هێنایە دەنگ، راگەیەنراوی لایەنەکان تەنها بە سەرکۆنەکردنی بۆردومانەکەوە نەوەستان، بەڵکو داوایان لە حکومەتی عێراق کرد ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و سەروەریی وڵات بپارێزێت.
ئەمریکا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە راگەیەنراوی دەرکرد و بۆردومانەکەی بە “بێ پاساو” وەسفکرد، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقیش وەکو زۆربەی لایەنەکانی دیکە گوتی “پێویستە دەستبەجێ بۆردومانەکە رابگیرێت”.
هاوکات لەگەڵ دەنگی موشەک و بۆردومانەکەی ئێراندا، زرمەی کەوتنەخوارەوەی چەند موشەکێکی کاتیۆشا لە ناوچەی سەوز دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی هەژاند.
موشەکەکان لە پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی پەرلەماندا کەوتنە خوارەوە، بە دیاریکراوی لەو کاتەدا کە ئەنجومەنی نوێنەران سەرقاڵی کۆبونەوە بوون، بۆ دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکەکەیان.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی سەرجەم لایەنەکانی عێراقی لەسەر بوو، دانیشتنێک بوو بە تامی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە وڵاتەکە، کە زیاتر لە سێ مانگە پەکیکەوتووە.
سەرەنجام دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک رەتکرایەوە، کوردێکی سەربەخۆش وەکو جێگری یەکەمی سەرۆک هەڵبژێردرا، ئەگەرچی دوای ئەو رووداوانە لە چەند شەقامێکی بەغدا خۆپیشاندان دەستیپێکرد، بەڵام ئێوارە بەبێدەنگیی بابەتەکە کۆتایی پێهێنرا و رەنگە چاودێرانی سیاسیی لە عێراق چاوەڕێی تویتێکی سەدر بکەن بۆ ئەوەی بزانن دۆخەکە بە کوێ دەگات.
ئەی لە سلێمانی چی دەگوزەرا؟
ئەم پیاوە بەتەمەنە بە گازی فرمێسکڕێژ کاریگەر بووە، خەڵک هاوکاریی دەکەن تاوەکو بتوانێت بەپێیەکانی خۆی بڕوات، ئەمە دەرەنجامی رشتنی گازی فرمێسکڕێژ بوو لەلایەن ئەو هێزانەوە کە دەیانویست بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی شەقامی سالم بهێنن.
خۆپیشاندەران دروشم و نوسراویان بەرزدەکردەوە، ناڕەزایی خۆیان نیشاندەدا لە دژی مەرگی ژینا ئەمینی، ئەمان دوو جار لەلایەن هێزەکانەوە بڵاوەیانپێکرا، بەڵام لەکۆتاییدا گەیشتن بەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بڵێنەوە.