ئەمڕۆ جەژنى چوارشەممەی سوورى کوردانى ئێزدییە. یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان بەگوێرەی ساڵنامەی کوردی (شەرقی) کە 12 رۆژ لە ساڵنامەی زایینی درەنگترە، وەک جەژنی کوردانی ئێزدی و سەری ساڵی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
لە قەولەکانی ئێزدیاندا کە وەک دەقە ئایینیەکانی ئەو پێکهاتەیە دەزانرێت بەم شێوەیە باسی چوارشەممەی سوور کراوە:
چارشەم رۆژەکە فادیلە
مەلیک فەخرەدن ئافراندیە بە عەشق و دلە
ناس نەدکر رحەتی و خەفلەتێ
چارشەم رۆژەک ب حسابە
لە با وان مەلەکا هاتی ئەو جوابە
دەریێت خیرا دڤەکرن ژ رۆژهەڵاتی هەتا رۆژئاڤا”
بەگوێرەی بڕوای کوردانی ئێزدی، گەردوون کاتی خۆی لە تاریکی و تارماییدا بووە، زەوی بەستەڵەک بووە. خودا لە رۆژی چوارشەممەدا ‘تاوسی مەلەک’ لە شێوەی تاوس رەوانەی سەر زەوی دەکات کە زەوی ئاوەدان بکاتەوە و ژیان بخوڵقێنێت. تاوسی مەلەک یەکەم جار لە لالەش (پیرۆزترین پەرستگەی ئێزدیان) دێتە سەر زەوی. بەڵام بەهۆی ئەوەی زەوی بەستەڵەک بوو، لەسەر دارێک دەنیشتێتەوە. بە فەرمانی خوا بەستەڵەکەکە دەتوێتەوە و خاک بەدیار دەکەوێت. خونجەی سور و زەرد و سەوز دەمیان دکەنەوە. بۆیەش ئەو رژە وەک سەرەتای بەهار دادەنرێت و ناوی سەری ساڵی ئێزدیەکانی لێنراوە.
لە قەولێکی دیکەی ئێزدیەکاندا بە ناوی “خوڵقاندنی زەویدا” هاتووە:
خوداوەندێ مە ئینی کرد ئەساسە
شەمی بوویە بەرێ کراسە
چارشەم بوویە کرد خلاسە”
لەم رۆژەدا رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچن. ئێزدیان سەرلەبەیانی زوو لە خەو هەڵدەستن، جلوبەرگی نوێ لەبەردەکەن و دەرگای ماڵەکانیان بە گوڵاڵە سوورە دەخەمڵێنن.
هەر خانەوادەیەک بەگوێرەی دڵی خۆی، چەند هێلکەیەک بە رەنگی زەرد، سوور و سەوز بۆیە دەکات و هەندێک هێلکەش بە رەنگی خۆی واتە سپی لەنێو هێلکە بۆیە کراوەکاندا دادەنرێن. ئەم سێ رەنگە، بە واتای چوار وەرزی ساڵ دێن و هێلکەکە خۆشی نیشانەی شێوەی زەوییە.
رۆژێک بەر لە جەژنەکە خەڵک سەردانی گۆڕی خزم و کەسوکاریان دەکەن. ژنان لەگەڵ خۆیاندا، هێلکە، نوقڵ و میوە دەبەن و بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکەن.
بەگوێرەی ئایینی ئێزدی لەم مانگەدا کێلانی زەوی و زار قەدەغەیە. لەبەرئەوەی هەموو گوڵ و گیا و دارێک لەم مانگەدا دەژیێنەوە. هەروەها هاوسەرگیریش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە قەدەغەیە. بەگوێرەی ئایینی ئێزدی، واژۆکردنی پرۆسەی هاوسەگیری و هێنانی بوکی تازە، لەگەڵ خۆیدا نەهامەتی بۆ خاوەن ماڵەکە دەهێنێت. ئێزدیان پێیان وایە، مانگی نیسان خۆی زەماوەندی سروشتە و ناوی نیسان لای ئەو پێکهاتەیە ‘بوکی ساڵ’ـە. لەبەرئەوەی نیسان خۆی بوکە، نابێت جگە لەو بوکێکی دیکە هەبێت لە مانگەکەدا.
بەگوێرەی پێکهاتەی ئێزدی، چوارشەممەی سوور جەژنی هەموو کوردستانە و لە قەولێکی ئێزدیاندا لەم بارەیەوە دەگوترێت:
“چارشەمما سەرێ نیسانێ
شێخ ئادی، شێخ شمس خواست دیوانێ
خوەدێ بەرێ خوە ددە ئێزیدخانێ
ئەڤە جەژنا کوردستانێ”