48 کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکە 24 ی لێڕۆیشتوە و کەمتری ماوە، هێشتا وێنەکە رون نییە، پارتی و یەکێتی بەفەرمی سازشیان لەسەر کاندیدەکانیان نەکردووە، بەڵام بەشێوازی جیاو لە رێگەی دیکەوە باس لەوە دەکرێت لەتیف رەشید دەبێتە کاندیدی هەردولا.
ئەوەتا یەکێتی لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە تا ئەم ئێوارەیەش دەڵێت، بەرهەم ساڵح کاندیدی سەرۆککۆمارە، بەلام سەرچاوەی جیاوازی ناو حزبەکەی شتی دیکە دەڵێن.
پارتیش بەفەرمی هیچی نەوتووە بەڵام لایەنێکی دیکە لەبری پارتی قسەی کردوەو باسی کشانەوەی ڕێبەر ئەحمەدی کردوە.
ئەمانە لەکاتێکدایە کە ئاژانسی میهری ئێرانی یەکەم میدیابوو کە بەرەبەیانی ئەمرۆ پرسکەی وروژاند و ناوی لەتیف رەشیدی بەگوێی هەمواندادا.
میهر لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای عێراقیەوە بڵاویکردەوە کە لایەنە عێراقیەکان لەسەر کاندیدبونی لەتیف رەشید رێکەوتون.
هاوکاتا سەرچاوە تایبەتەکانی زووم لە پرسی سەرۆککۆماردا باس لە رۆڵی ئێران دەکەن و دەڵێن، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەى بەلایەوە گرنگە پێکهێنانی حکومەتی نوێیە نەک ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆککۆمار و کێی دیکە نابێت.
لەلایەکی دیکەوە رۆڵی نوری مالیکی لە پرسی سەرۆککۆماردا کاریگەر و بەهێزە، بەپێی سەرچاوەکانی زووم کە لە نزیک مالیکییەوە دەستی کەوتووە، پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بە بڕیاری مالیکی دەنگ بەوکەسە دەدەن کە سبەی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆیان دیاری دەکرێت.
ئەو سەرچاوانەى کە زووم قسەى لەگەڵ کردوون لەنێو پارتی و یەکێتی و دەوڵەتی یاسا بوون، سەرجەمیان کۆکبوون لەسەر ئەوەى کە مەسعود بارزانی و نوری مالیکی لەسەر سیناریۆی کشانەوەی رێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی هاوڕابوون.
بەیاننامەکەی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاساش لە پەرلەمانی عێراق، زانیاری سەرچاوەکانی زووم پشتڕاست دەکاتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان رێبەر ئەحمەدی لە کاندیدبوون کشاندوەتەوە، و پشتیوانی لە لەتیف رەشید دەکات.
هەرچەندە زووم ویستی قسەی فەرمی پارتی لەوبارەیەوە وەربگرێت، بەلام ئامادەنەبوون بەفەرمی قسە لەوبارەیەوە بکەن
هەرچی پەیوەندی بە یەکێتیەوە هەیە لە ڕێگەی سۆران جەمال تاهیر گوتەبێژى حزبەکەوە رەتیان کردەوە دەستبەردارى کاندیدەکەیان بووبن.
کشانەوەی رێبەر ئەحمەد چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت، بە گوێرەی قسەی سەرچاوەکانی زووم، ئەم هەنگاوە چانسی دەرچوون بۆ لەتیف رەشید کاندیدی سەرۆککۆمار نزیک دەکاتەوە، چونکە پارتی ئەو ڤیتۆیەی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیەتی، بۆ لەتیف رەشید نییەتی.