زووم:
رۆژنامەى سەباح، میدیاى نیمچە فەرمى حکومەتى عێراق لە ژمارەى ئەمڕۆدا بڵاویکردەوە، سێ هۆکار بوونەتە هۆى دواکەوتنى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم کە بە هۆکارى تەکنیکى و رێکخراوەیی ناوى بردووە.
سەباح لە زارى سەرچاوەکانەوە لە لاپەڕە شەشدا دەڵێت، شێوازى ئەو هەژمارە بانکییەى کە داهاتى نەوتى هەرێمى تێدەکرێت و خاوەندارێتى بۆرى نەوت لەناوخۆى هەرێم و هەوڵەکانى تورکیا بۆ کەمکردنەوەى ئەو سزایەى بەسەریدا سەپێنراوە، هۆکارى دواکەوتنى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا.
سەبارەت بە هەژمارى بانکى داهاتى نەوتى هەرێم، پێشتر محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، کە لەمەودوا داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە یەک هەژماری بانکییەوە و لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقدا دەبێت و سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی دیکە دادەخرێن.
هەروەها سەبارەت بۆرى نەوتى هەرێم کە لەناوخۆى هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمپانیاى رۆسنەفتى رووسى و کۆمپانیاى کارەوە خاوەندارێتى دەکرێت، لە کێڵگەى خورمەڵەوە لە رۆژئاواى هەولێرەوە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە سەر سنورى نێوان هەرێم و تورکیا. پێشتر مانگانە لە داهاتى نەوتى هەرێم بڕێک پارە لەبرى کرێى گواستنەوە بەو دوو کۆمپانیایە دەدرا.
لەبارەى هۆکارى سێیەمیشەوە کە وەکو رۆژنامەى سەباح دەڵێت بووەتە هۆى دواکەوتنى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم، پەیوەندى بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى 23ى مانگى رابردووى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى پاریسەوە هەیە کە بڕیاریدا دەبێت تورکیا لە بەرامبەر هەناردەکردنى نەوتى هەرێم بەبێ رەزامەندى عێراق، بڕى ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بە بەغداد بدات، بەڵام ئەنقەرە نایەوێت بە ئاسانى بچێتە ژێر بارى ئەو سزایەوە.
لە پاش بڕیارەکەى دادگاى پاریسەوە، ئەمڕۆ 26 رۆژە هەناردەکردنى نەوتى هەرێم بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا وەستاوە و زیانەکانى بەسەروو 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا چوارى ئەم مانگە هەولێر و بەغداد رێککەوتنێکى کاتییان واژۆکرد بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى سۆمۆوە. شەممەى رابردووش سودانى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەکردبوو لەم هەفتەیەدا هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە.