زووم
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنى بڵینکن، وەزیرى دەرەوە، ستایشی هەوڵەکانى سودانى دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ناوەرۆکى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى ئێوارەى دوێنێی ئەنتۆنى بڵینکن و محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقى ئاشکراکردووە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە بڵینکن، دەستخۆشی لە “هەنگاوە دیارەکان”ـى سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ سەربەخۆکردنی کەرتی وزە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەلی عێراق.
ڤێدانت پاتێل دەڵێت، بڵینکن ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سدانى کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمى کوردستان لەرێگەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا و بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتییەکان.
وەک دەڵێت، پاڵپشتی خۆی بۆ عێراقێکی سەقامگیر، پارێزرا و سەروەر دووپاتکردەوە.
دواى بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانى پاریس لە 25ى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ دەرەوە راگیراوە، دواى چەند رۆژێک لە راگرتنى هەناردەى نەوتەکە سودانى و مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رێککەوتێکى سەرەتاییان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت واژۆکرد، تاوەکو ئەو کاتەى یاساى نەوت و گاز دەردەچێت.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە، بەڵام بەگوتەى سودانى لەم رۆژانەدا کێشەکە چارەسەر دەکرێت و هەناردەى نەوتەکە دەستپێدەکاتەوە.