دوای لێدوانەکانی لاپۆرتا و قسەکردن لە سەر کۆمەڵێک باسی گرنگ و هێرش کردنە سەر ریاڵ مەدرید و پێرێز، ئەمڕۆ یانەی ریاڵ مەدرید بەفەرمی لە تویتەری یانەکە بە ڤیدیۆیەک وەڵامی لاپۆرتایان دایەوە و یانە کەتەلۆنییەکەیان تۆمەتبارکرد بە نزیکی لە فرانکۆ، کوڕەکەی سەرۆکی پێشووی ئیسپانیاش یەکلای دەکاتەوە باوکی لە کام یانەوە نزیکبووە.
یانەی ریاڵ مەدریدی وەڵامی قسەکانی لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنەی لە رێگەی ڤیدیۆیەک دایەوە و رایگەیاند بەرشەلۆنە لە پێشتردا مەدالیای زێڕ و ئەڵماسی پێشکەشی فرانکۆکردووە ، لە ساڵی 1965 یانەی بەرشەلۆنە فرانکۆی وەکو هاوبەشی شەرەفی یانەکە دەستنیشانکردووە، هەروەها فرانکۆ سێ جار یانە کەتەلۆنییەکەی لە ئیفلاس بوون ڕزگارکردووە.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) April 17, 2023
لە ڤیدیۆکەی ریاڵ مەدرید زیاتر باسدەکات و دەڵێت بەرشەلۆنە لە ماوەی دەسەڵاتی فرانکۆدا، 8 جار نازناوی لالیگا و 9 جار جامی شای بەدەست هێناوە، ریاڵ مەدرید لەماوەی حوکمڕانی فرانکۆدا، 15 ساڵی پێویست بوو تاوەکو یەک نازناوی لالیگا بەدەست بهێنێت.
دوابەدوای ئەوە رۆژنامەکانی نزیک بەرشەلۆنە لێدوانی فرانسیسکۆ فرانکۆ، کوڕی جەنەراڵ فرانکۆ، سەرۆکی پێشووی ئیسپانیایان بڵاوکردەوە کە لە پێشتردا بۆ کەناڵێکی ئیسپانی قسەی کردووەو دەڵێت “بەڵێ باوکم هاندەری ریال مەدرید بووە و دڵی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بوو، وەک نزیکەی زۆربەی ئەو کەسانەی ئەوکاتە”
لە ماوەی رابردوو کێشەکانی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە تەقیوەتەوەو یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە یارمەتیدانی ناوبژیوان و گەندەڵی دارایی، بەڵام لە داهاتوودا دادگا ئەو کێشانە یەکلایی دەکاتەوە.