زووم:
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەڵێت، پێویستە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا سەرجەم دەنگە ناڕەزاییەکان دەنگ بە نەوەى نوێ بدەن، تاوەکو بتوانن کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێم پێکبهێنن.
لە چاوپێکەوتنێکيدا لەگەڵ رۆژنامەى عەرەبى جەدید كە بارەگاکەى لە لندەنە، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، سەربارى تێبینییە زۆرەکانیان لەسەر کۆمسیۆن و یاساى هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەولەویەتى ئەوان ئەوەیە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و وەکو نەوەى نوێ-ش، بەشدارى لە هەڵبژاردانەکە دەکەن و کێبڕکێى حزبەکانى ئێستا دەکەن.
سەبارەت بە گوتارى “نەوەى نوێ” بۆ قۆناغى داهاتوو، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت “کاردەکەین بۆ مسۆگەرکردنى سەرجەم دەنگە ناڕازییەکانى هەرێم لە بەرژەوەندى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، بۆیە گوتارمان ئەوە دەبێت کە پێویستە هەموو دەنگە ناڕەزاییەکان دەنگ بە نەوەى نوێ بدەن تاوەکو ئەمجارە نیوەى کورسییەکانى پەرلەمان بەدەستبهێنین و بتوانین حکومەتى هەرێم پێکبهێنین”.
شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت “32 ساڵە هەرێمى کوردستان خاوەنى خۆبەڕێوەبەرییە، بەڵام تائێستا حکومەتى یەکگرتوو و ئیدارەى هاوبەشى نییە، هێزەکانى پێشمەرگە سەر بە پارتى و یەکێتین، هەروەها هەموو دۆسییەکانى دارایی و ئابوورى و ئەمنى لەلایەن دوو حیزبەکەوە بەڕێوەدەبرێن”.
چارەنووسی زیاتر لە 80%ـی داهاتی نەوتی هەرێم نادیارە
شاسوار عەبدولواحید جەختیکردەوە “نەوەى نوێ هەرچەندە فراکسیۆنى پەرلەمانى لە هەرێم و بەغداد هەیە، بەڵام هیچ شتێک لەبارەى داهاتى نەوتەوە نازانێت، یاخود بەکێ دەفرۆشرێت، چارەنووسی زیاتر لە 80%ـی داهاتی نەوتی هەرێم نادیارە”.
سەبارەت بە پەسەندکردنى یاساى نوێى هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە، شاسوار عەبدولواحید گوتی “سیستمى سانت لیگۆ هیچ زیانێکى بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ نابێت و گەشبینن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا کورسییەکانیان لە 9 کورسییەوە بۆ 13 کورسى بەرزببێتەوە.”
دەشڵێت، ناڕەزایەتییان لەبارەى یاساکەوە وەکو پشتیوانییەک بوو بۆ جوڵانەوە مەدەنییەکانى پارێزگاکانى دیکەى عێراق، یاساکە زیان لە جوڵانەوە تازەکان لە پارێزگاکانى دەرەوەى هەرێم دەدات بۆیە دژى بوون و دەنگیان پێنەداوە.
مافیا دەستى بەسەر هەولێر و سلێمانیدا گرتووە
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەڵێت “مافیا دەستى بەسەر هەولێر و سلێمانیدا گرتووە، ئەگەر لە کوردستان بژیت دەزانیت حکومى مافیا هەیە یاخود نا، لێرە هاوڵاتى لەسەر فولایت دەکوژرێت چونکە تیشکەکەى بەر ئۆتۆمبێلى کوڕى بەرپرسێک کەوتووە، لێرە دەسەڵات بەکاردەهێنرێت بۆ بەرژەوەند چەند بنەماڵە و خێزانێکى سیاسى دیاریکراو.
شاسوار عەبدولواحید باس لەوەشدەکات “کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رۆڵێکى گرنگ لە هەرێمى کوردستان دەگێڕێت، ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەبووایە ئەوا هەرێمى کوردستان بە درێژایی ئەم 32 ساڵە بوونى نەدەبوو، بۆیە بە بەردەم لەگەڵ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و نێردەى دیپلۆماسى وڵاتان باس لە گەندەڵی لە هەرێمى کوردستان دەکەین و پێمانوایە ئەوان دەتوانن لەو رووەوە رۆڵى ئەرێنى بگێڕن”.
“چەندینجار هۆشدارییمان بە حکومەتى هەرێم داوە کە وڵاتانى رۆژئاوا بەهۆى ئەو پەراوێزە بچوکەى کە بۆ دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان هەیە پشتگیرییتان دەکەن، ئەگەر ئەو پەراوێزە کۆتایی بێت، پشتگیریی رۆژئاواش بۆ هەرێم کۆتایی دێت” وەکو شاسوار عەبدولواحید لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەى بۆ کردووە.