9/9/1926 لە میسر لە گوندێکى پارێزگاى رۆژئاوا لەدایکبووە و لە تەمەنى 96 ساڵیدا کۆچى دوایی کرد.
قۆناغەکانى سەرەتایی و ناوەندى لە پەیمانگەى ئەزهەر خوێندووە، ساڵى 1953 کۆلێژى بنەماکانى ئایینى لە زانکۆى ئەزهەر تەواوکردووە، ساڵى 1960 ماستەر و ساڵى 1973 دکتۆراى لە شەریعەتى ئیسلامى بەدەستهێناوە، زیاتر لە 170 کتێب و بەرهەمى چاپکراوى هەیە.
لە تەمەنى لاوێتیدا پەیوەندى بە ریزەکانى ئیخوان موسلیمینەوە کردووە، ئەوکاتەى خوێندکارى ئامادەیی بووە روبەڕوى ئازاردان و دەستگیرکردن بووەتەوە، لە ریزەکانى ئیخواندا گەنجێکى چالاک بووە و سەرقاڵى کارى دەعوا و پەروەردە بووە.
ئیخوان موسلیمین بە نزیکەیی لەگەڵ لەدایکبوونى قەرزاویدا ئەویش لەدایکبووە، کۆمەڵەیەکى ئیسلامى سیاسییە و لە میسر دامەزراوە. بەڵام سنورى ئەو وڵاتەى بڕیوە، لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا بە دایكی زۆرینەی بزوتنەوە ئیسلامییەكان دادەنرێت.
ساڵى 1961 روویکردە قەتەر و چەندین کۆلێژ و پەیمانگەى ئیسلامى دامەزراند، ساڵانى دواتر پەیوەندى راستەوخۆى بە ئیخوان موسلیمینەوە نامێنێت، بەڵام بە هەڵگری فیکری ئیخوان دادەنرێت و زیاتر لەوەیش بە “باوکى رۆحى ئیخوان” وەسفدەکرێت، چەندینجار پۆستى رابەرى گشتى ئیخوانى بۆ پێشنیاز کراوە.
سعودییە و چەندین وڵاتى دیکەى عەرەبى ناویان خستووەتە لیستى “تیرۆر”ەوە، ساڵى 2015 دادگاى میسر بە غیابى فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد، بە تۆمەتى پەیوەندى بە هێرشەکەى سەر زیندانەکانى میسر لە ساڵى 2011.
قەرزاوى خاوەنى ژمارەیەکى زۆرى فەتوایە کە هەندێکیان کاردانەوەى دروستکردووە، فەتوای داوە بە رەوایەتى هاوسەرگیریی میسیار، ساڵى 2018 لە تویتێکدا کە وەکو فەتوا وەسفکرا گوتى “خودا پێویستی بە حەج نییە”.