زووم، میدڵ ئیست ئای
ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای بڵاویکردەوە، حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە دادگای باڵای ئەمریکا سكاڵا لە دژی عێراق تۆماربکات بۆ ناچارکردنی بەغداد بە پێدانی 527 ملیۆن دۆلار بە ئەنقەرە.
ئەم هەوڵەی تورکیا لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو حکومەتی عێراق لە هەمان دادگا سکاڵایەکی تۆمارکرد، کە تایبەت بوو بە پرسی جێبەجێکردنی بڕیاریی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، کە ئەنقەرەی پابەندکرد بە پێدانی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە بەغداد وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو زیانەی پێی گەیشتووە لە هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد.
لەهەمان بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیدا تورکیاش سکاڵایەکی لە عێراق بردبووەوە بە بڕی 527 ملیۆن دۆلار. هەربۆیە ئەنقەرە دەیەوێت ئەم هەوڵەی وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە سکاڵاکەی بەغدا بەکار بهێنێت.
چەند سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئایان راگەیاندووە، بەرپرسانی ئەنقەرە نیگەرانی ئەوەن کە بەغداد هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ چارەسەریی پرسەکە.
لە سکاڵاکەی عێراقدا، کە لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیادا تۆماریکردووە، هاوتووە کە دادگاکە “دان بنێیت بە بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی، پشتڕاستی بکاتەوە و ئەنقەرەش ناچار بکات ئەوپارەیە بدات.”
نۆ ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سکاڵاکەی لە دژی تورکیا تۆمارکرد، کە تایبەت بوو بەوەی تورکیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە. چونکە بەغداد پێی وایە بەگوێرەى رێکەوتنێکی مێژوویی نێوان عێراق و تورکیا، حکومەتی هەرێم ئەو دەسەڵاتەی نییە سەربەخۆ نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.
مانگی رابردوو دادگاکە لە کۆی پێنج سکاڵا، لە یەکێکیاندا لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاریدا و رایگەیاند، تورکیا سەرپێچی رێککەوتنەکەی کردووە.
ئەگەر لەم سکاڵایەی دواییدا، دادگای ئەمریکا لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاربدات، داگاکە دەتوانێت دەست بەسەر ئەو سەرمایەی تورکیادا بگرێت کە لە ئەمریکادا دانراون، تا ئەوکاتەی تورکیا بە ناچاریی ئەو بڕە پارەیەی عێراق دەداتەوە و بڕیاری داگاکەی پاریس جێبەجێدەکات.
بەهۆی ئەو کێشانەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە و سەرچاوەیەک بە میدڵ ئیست ئای راگەیاندووە، ئێستا ئەنقەرە چاوەڕێی ئەوە دەکات هەولێر و بەغداد ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن، ئینجا دەست بکاتەوە بە هەناردەکردن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی بەغداد بەفەرمی هیچ قسەیەکیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی، لەگەڵ تورکیادا نەکردووە.
سەرچاوەیەکی دیکە رایگەیاندووە، تورکیا لەبارەی سکاڵاکەی بەغداد لە واشنتن توشی شۆک بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاریدا بە دووهێندە بەردانەوەی ئاوی روباری دیجلەی بۆ عێراق.
سکاڵاکەی عێراق داوی ئەوە هات کە ئەنقەرە بەمەبەستی بەئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدى، هێرشی کردەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و لەبەرامبەریشدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کرد.