زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە رێگەی چوار سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندى کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، چارەسەرکردووە، ئەمڕۆش مەسرور بارزانى، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبێتەوە.
تورکیا لە 25ی مانگی رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێم، کە بڕەکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەبوو، راگرتووە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس سکاڵایەکی عێراقی یەکلاکردەوە. بەپێی بریاری دادگاکە، تورکیا پابەندکرا بە پێدانی قەرەبووی یەک ملیار و 400 هەزاردۆلار بە عێراق، بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندیی بەغداد نەوتی هەرێمی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.
هەولێر و بەغداد، لە 4ی ئەم مانگەوە رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا لەگفتوگۆکانیان بەردەوامبوون بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان بەرلەوەی لەگەڵ تورکیادا قسەبکەن.
ئەو بابەتە تەکنیکییانەش پەیوەندییان هەبووە بە بەبازاڕکردن، نرخ و ئەو وڵاتەی کە نەوتەکە دەکڕێت.
بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ گرێبەستە نەوتییەکان لەژێر چاودێریی و دەسەڵاتی یاساییدا واژۆ دەکات. هەروەها بەگوێرەى چوار سەرچاوەکە، نەوتی هەرێم بە بازاڕەکانی ئاسیا نافرۆشرێت و هەمان ئەو نرخە فەرمییەی نەوتی کەرکوکی دەبێت.
لەبارەی ئەو زانیارییانەی سەرەوە، تاوەکو ئێستا هیچ کام لە بەغداد و هەولێر وەڵامی رۆیتەرزیان نەداوەتەوە.
دوو سەرچاوەی دیکە بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بانگێشیتی هەولێر کراون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی جیاواز بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، مەرج و رێکارەکان بۆ نرخی نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، دانانی میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا جیهانییەکان و پشکییان لە فرۆشی داهاتووی نەوتدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەى سەرچاوەیەک، تاوەکو ئێستا کاتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە دیاریکراویی، روون نەبووەتەوە. لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دادگای تورکیا دایە.
چەند سەرچاوەیەک پێشتر بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، تورکیا داوای کۆبوونەوەی روبەڕوو دەکات لەگەڵ بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی کە دەبێت بیداتەوە بە عێراق. هەروەها دەشیەوێت پرسی دووەم سکاڵا، کە تایبەتە بە بێپرس هەناردەکردنی نەوت لە ساڵی 2018دا، یەکلایی بکاتەوە بەرلەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.