زووم..
وادەردەکەوێت بەمزووانە دوو جەمسەرەکەی کابینەی نۆ نەگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، پێناچێت بەمزووانە سەرۆکوەزیرانی هەرێم و جێگرەکەی لەسەر یەک مێزی کۆبوونەوە ببینین.
لە کۆتاییەکانی مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە، واتە نزیکەی شەش مانگی رێکە، ئەنجومەنی وەزیران بەبێ ئامادەبوونی یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکانی کۆدەبێتەوە.
ئەو کابینەیەی کە یەکێتی و پارتی وەکو دوو پێکهێنەری سەرەکیی دایانمەزراندووە، ئێستا بووەتە کابینەیەکی دوولەت، مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەکە هەفتانە لەگەڵ وەزیرەکاندا کۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەبێت، لەکاتێکدا ئەوان بە گوێرەی رێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی حکومەتیان بە بەشداریی چەند حزبێکی دیکە پێکهێناوە.
لە ماوەی ئەم شەش مانگەی رابردوودا هەمیشە هەوڵی پێکهاتنەوەی ئەم دوو جەمسەرە لەئارادا بووە، بەڵام هەوڵەکان وەکو بەئاگایانی سیاسی وەسفی دەکەن “هەوڵی شەرمنانە” بوون.
تاوەکو ئێستا سەرۆکی کابینەکە زیاد لە جارێک ئارەزووی خۆی نیشانداوە بە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وزاریی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان، بەڵام هیچکات ئەمە بە دڵی قوباد تاڵەبانی نەبووە.
مەسرور بارزانی لە نەورۆزدا پەیامێکی نارد و گوتی داوا لە بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران دەکەم بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی هەمان رۆژ و لە پەیامی نەورۆزدا گوتی کە ئامادەی گفتوگۆن و دەستی ئاشتەوایی درێژدەکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرەی داواکارییەکەی بارزانی نەدا و نە گوتی دەگەڕێمەوە و نە گوتیشی ناگەڕێمەوە.
قوباد تاڵەبانی پەیامەکەی قۆستەوە بۆ ئەوەی باسی ئەوە بکات، کە داواکاریی شەخسی نەبووە و ناشیبێت، وەکو ئاماژەیەک بۆ بایکۆتکردنی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێش هەڵوێستەکانی قوباد تاڵەبانییەوە هەمیشە رەخنەی لە ئەدای حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرت و دەیگوت سلێمانیی پەراوێزخراوە. تاوەکو ئێستاش ئەمە رەخنە و چەکی بەهێزە بە دەست یەکێتییەوە بۆ ئەوەی لەسەر بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام بێت، لە بەرامبەردا پارتی لە رێگەی بەرپرسانی باڵای خۆیەوە هەمیشە دەڵێت پێویستە یەکێتی و قوباد تاڵەبانی لەنێو ئەنجومەنی وەزیراندا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەوان پێیانوایە یەکێتی داواکاریی شەخسییان هەیە و تەنانەت وەکو کەمال کەرکوکی لە لێدوانێکدا بۆ زووم گوتی، مەسەلەی بایکۆتەکە پەیوەندیی بە بابەتی ئەمنییەوە هەیە.
کەواتە ئەو دەستپێشخەرییەی نەورۆز ئەوە نەبوو کە قوباد تاڵەبانی چاوەڕێی دەکرد، هەربۆیە نە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی و نە وەڵامەکەی تاڵەبانی نەبوونە هۆی شکاندنی بایکۆتەکە و لێکترارازانی دوو جەمسەرەکە بۆ سوڕێکی دیکەش بەردەوامبوو.
پاش نزیکەی مانگێک لە پەیامەکەی نەورۆز، جارێکی دیکە مەسرور بارزانی دەستپێشخەرییەکی دیکەی کردەوە.
لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی پێشنیازدەکرێت تیمێکی ئەنجومەنی وەزیران بچنە لای قوباد تاڵەبانی تاوەکو داوای گەڕانەوەی لێبکەن بۆ کۆبوونەوەکان.
پاش چەند رۆژێک لەو دەستپێشخەرییە تیمە وەزارەتییەکەی جەمسەری بارزانی بە چەند ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزەوە چوونە ماڵی جەمسەری تاڵەبانی، بەڵام وەکو ئەوەی هیچی لێ سەوز نەبووبێ ئۆتۆمبێلەکان پاشەوپاش گەڕانەوە.
زووم زانیویەتی کەشی کۆبوونەوەکە ئیجابی نەبووە و شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئامانجەکەی نەپێکاوە کە گەرانەوەی قوباد تاڵەبانییە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نە قوباد تاڵەبانی و نە ئەندامانی شاندەکە هیچ راگەیەندراو و قسەیەکی فەرمیان نەبوو.
ئەم دەستپێشخەرییە تازەیە هەر لە دوێنێوە و بگرە لە ساتەوەختی ئیعلانکردنیشیەوە مەرگی خۆی ئاشکراکردبوو، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک.
پاش ئیعلانی دەستپێشخەرییەکە، قوباد تاڵەبانی بە زوومی گوتوبوو پێشوازیی لە تیمەکە دەکەین، وەکو برا و فەریقی خۆم سەیریان دەکەم،بەڵام وەکو ئێستا دەردەکەوێت ئەم وەڵامەی تاڵەبانی ئاماژەیەکی روون بووە کە دەستپێشخەریی لەم جۆرە چارەسەری دۆخەکە ناکات.
قوباد تاڵەبانی رەنگە هەرگیز بە دەستپێشخەرییەکی لەو جۆرە رازی نەبێت، بەوپێیەی وەکو جەمسەرێکی بەهێزی نێو حکومەت چاوەڕوانیی هاتنەسەرخەتی مەسرور بارزانی دەکات کە وەکو بەرامبەرەکەی خۆی تەماشای دەکات، نەوەکو تیمێکی ئەنجومەنی وەزیران کە وەکو خۆی گوتوویەتی بە برا و فەریقی خۆی تەماشایان دەکات.
هۆکاری دووەمیش کە دەستپێشخەرییەکەی لەباربرد، ئامادەکردنی ئێوارەخوانەکەی دوێنێی مەسرور بارزانی بوو، کە بە بڕوای بەئاگایانی سیاسی دوایین بزمار بوو لە تابوتی ئەو دەستپێشخەرییە.
مەسرور بارزانی بەر لە تۆپی بەربانگ و دەستپێکردنی ئێوارەخوانەکە، هەندێک رستەی درکاند کە ریسەی کردەوە بە خوری.
مەسرور بارزانی ئەگەرچی لەسەرەتادا گوتی کە هەوڵدەدەن سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەرقەرار بێت، بەڵام دواتر وردە وردە تۆنی قسەکانی گۆڕی..
ئێستا چیرۆکی بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانیتان بۆ دەگێڕینەوە هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ
ئەمە دوایین وێنەی قوباد تاڵەبانییە لە تەنیشت مەسرور بارزانییەوە کە مێژووەکەی بۆ 12ی 10ی 2022 دەگەڕێتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا قوباد تاڵەبانی نەچووەتەوە نێو ئەو هۆڵە و بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە.
ئەم وێنەیەی دیکەش دوایین وێنەی قوباد تاڵەبانییە لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیران کە تیایدا پێشوازیی لە کونسوڵی ئەمریکا دەکات، وێنەکە لە 18ی 10 گیراوە.
ئەگەر قوباد تاڵەبانی لە مانگی 10ەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی کردبێت، ئەوا بایکۆتی تیمی وەزاریی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 12 واتە مانگ و نیوێک پاش بایکۆتی قوباد تاڵەبانی، ئەمە وێنەی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە کە تیمی وەزاریی یەکێتی بەشداریی تێدا کردبێت، مێژووەکەی بۆ 21ی 12ی 2022 دەگەڕێتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە.
یەکەم دەستپێشخەریی فەرمیی مەسرور بارزانی بۆ گەڕانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ 6ی 3ی ئەمساڵ، کاتێک لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا بەبێ ئەوەی ناوی قوباد تاڵەبانی یاخود جێگری سەرۆکوەزیران بهێنێت گوتی داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکەین بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وەکوچۆن پێشتریش بە نووسراوی داوای گەڕانەوەیان لێکراوە
دەستپێشخەریی دووەمی مەسرور بارزانی لە 20ی ئازاردا بوو بەبۆنەی نەورۆزەوە، ئەمجارەیان سەرۆکوەزیران ناوی جێگری سەرۆکوەزیرانی هێنا و داوایلێکرد بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکان
دەستپێشخەریی سێیەم ناردنی شاندێکی ئەنجومەنی وەزیران بوو بۆ لای قوباد تاڵەبانی، تاوەکو داوای لێبکەن بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکان، بەڵام ئەمجارەشیان هیچ ئەنجامێکی نەبوو