زووم:
سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا هەموو شتێکی لەبارەی بابەتی نێگرێرا و گەندەڵیە داراییەکانی بەرشەلۆنە باس کرد. هێرشێکی تووندیشی کردە سەر ریال مەدرید و تیباسی سەرۆکی لالیگای بەوە تۆمەتبارکرد کە لە پشت ئەو تۆمەتانەوەن کە دراونەتە پاڵ یانەکەی و گوتی “ماوەی 70 ساڵە ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سیستمی ناوبژیوانی وەرزشی ئیسپانیا، ئەندام و یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن”
خوان لاپۆرتا، لە بارەی یانەکەی گوتی “ئەم یانەیە نموونەی یاریی خاوێن و بەها وەەرزشییە بەرزەکانە، کاتێک سەردەکەوین بەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، کاتێک دەدۆڕێین پیرۆزبایی لە براوەکان دەکەین و بەدوای بیانوودا ناگەڕێین ”
هەروەها گوتی “کاتێک ئەم تۆمەتانە لەسەر دۆسییەی نێگریرا لە میدیاکانەوە دەستیپێکرد، دڵنیابووین کە هەڵمەتێک بوو بەرامبەر بە یانەکەمان و بە رێککەوت رووینەداوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی کۆمپانیایەکی سەربەخۆوە لێکۆڵینەوەمان کردووە و ئێستا دەتوانین باس لە وردەکارییەکان بکەین”
خوان لاپۆرتا: هیچ کەسێک ناتوانێت بیسەلمێنێت کە ئێمە ناوبژیوانمان کڕیووە
خوان لاپۆرتا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی “هیچ کەسێک ناتوانێت بیسەلمێنێت کە ئێمە ناوبژیوانمان کڕیووە، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ شتێک نییە”
سەرۆکی بەرشەلۆنە، هێرشی کردە سەر خاڤیێر تیباسی سەرۆکی دەستەی لالیگاش و گوتی “هەندێک کەس پۆستەکانیان خراپ بەکارهێناوە،تیباس بەشێوەیەکی نابەرپرسانە بەڵگەنامەی هەڵەی پێشکەشکرد و ناوبانگی لالیگای لە کەدارکرد”.
لاپۆرتا لەبارەی تیباسەوە زیاتر قسەیکردو گوتی:”ئەو زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکات، کەسێکی پیشەیی نییە، ئەو بەردەوام بابەتەکە دەوروژێنێت و بەڵگەنامەی راست و دروستی پێ نییە”.
لاپۆرتا سوپاسی سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا، روبیالێس و سەرۆکی فیفای کرد، کە بەشدارییان لە دۆسییەکەدا نەکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت.
بەدرێژایی مێژوو ریاڵ مەدرید سوودێکی زۆری لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان وەرگرتووە
خوان لاپۆرتا، دواتر هێرشی کردە سەر ریال مەدرید و راشکاوانە گوتی “یانەیەک هەیە کە لە پشتی ئەم رووداوانەوەیە و گلەی ئەوەی هەیە کە نادادپەروەری کراوە، من مەبەستم ریال مەدریدە، بەڵام خۆیان بە درێژایی مێژوو سوودێکی زۆری لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان وەرگرتووە و لە دەسەڵاتەوە نزیکبووە، ماوەی 70 ساڵە ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سیستمی ناوبژیوانی وەرزشی وڵاتەکەم، ئەندام و یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن”
لە بارەی سوپەرلیگەوە لاپۆرتا قسەیکردو گووتی “ئێمە لەگەڵ ریاڵ مەدرید نێوانمان خراپ بووە و پەیوەندییەکانمان تێکپووە، بەڵام بەشداری سوپەرلیگ دەکەین و پەشیمان نابینەوە”
لە کۆتاییدا، گوتیشی “ئەوەی ریال مەدرید کردوویەتی زۆر خراپە، ئێستا پەیوەندییەکانی ئێمە زۆر خراپە، هیوادارم کاتێک کاتی دادگاییکردنەکە دێت شتەکە لە دژی ئەوان پێچەوانە ببێتەوە”.