لە روداوێکی تەقەکردندا لە ئاهەنگێکی ساڵیادی لەدایکبوون لە شاری دادەڤیلی ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا، لانیکەم چوار کەس کوژران و 28ی دیکەش برینداربوون.
تاوەکو ئێستا پۆلیسی ویلایەتەکە هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە لەبارەی روداوەکە و هۆکارەکەى ئاشکرا نەکردووە. تەنانەت ئەوەش باس نەکراوە کە ئایا بکەرانی تاوانەکە کوژراون یان دەستگیرکراون.
لە روداوەکەدا 15 مێردمنداڵ برینداربوون، کە تەندروستى بەشێکیان ناجێگیرە، بەگوێرەی شایەتحاڵەکان دۆخەکە زۆر ترسناک بووە کە رەنگە لەداهاتوشدا برینی دەروونی لەسەر قوربانییاندا بەجێبهێڵێت.
روداوەکە لە ئەمریکا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت یاساکانی پێدانی چەک قورستر بکرێن.
ئەو گوتى: “گەلەکەمان توشی چی بووە کاتێک منداڵەکانمان نەتوانن بەبێ ترس بچنە ئاهەنگی لەدایکبوونیان؟”
بایدن داوایکرد یاسادانەرانی ئەمریکا هەنگاو بنێن بۆ چاکسازیی لە یاسای خاوەندارێتی چەک لە وڵاتەکەدا.
ئەلاباما یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە مافی خاوەندارێتی چەک بۆ بەرگریکردن لە خۆت تێیدا بەرکارە. هەر بەهۆی ئەمەوە پەیامی هاوخەمیی حاکمی ئەو ویلایەتە کە لە پشکی کۆمارییەکانە، روبەڕوی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی هەبوونی یاساکە لەو ویلایەتە.
هەر دوێنێ روداوێکی دیکەی تەقەکردن لە ویلایەتی کنتاکی رویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەى ئامارەکانی ئەرشیفی توندوتیژی چەک لە ئەمریکا، ئەمساڵ 160 روداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ رویانداوە. تەقەکردنی بەکۆمەڵ ئەو روداوانە دەگرێتەوە کە لە چوار کەس یان زیاتر بوبێتنە قوربانی.