زووم:
ماڵپەڕی میدڵ ئیست نیوزی ئێرانی، نزیک لە دەسەڵات، بڵاویکردەوە شاندێکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمدا باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەغدا و تارانیان کردووە لەنێویاندا بابەتی چەککردن و دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی بە ماڵپەڕەکەی گوتووە، شاندەکە کۆتایی هەفتەی رابردوو سەردانەکەی ئەنجامداوە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی هەرێم سلێمانی و هەولێر کۆبووەتەوە.
“شاندەکەی وەزارەتی ئیتلاعات، لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە” ئەو رێککەوتننامەیەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئیمزاکرا.
میدڵ ئیست نیوز دەڵێت، “ئامانجی سەرەکی شاندەکە، بۆ ئەوە بووە، رێککەوتنەکە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بە چەککردن و دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا”.
لە مانگی ئازاردا، عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. دواتر رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات بە ئیمزای شەمخانی و ئەعرەجی ئەنجامدرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتنەکە تایبەتە بە هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و پیشخستنی هاوکاری جۆراوجۆر لەنێوان هەردوو وڵات.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەی کرد، شەمخانی لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنامە ئەمنییەکە کردووە لەپێناو پاراستنی سنورەکان و مسۆگەرکردنی ئارامی ناوچەکە.
شەمخانی گوتوویەتی، ئەمریکا سەرچاوەی نائارامییە لە ناوچەکە و عێراق “ئەم جۆرە سیاسەت و کردەوانەی ئەمریکا جێگەی قبوڵکردن نییە”.
عەلی شەمخانی لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت، رێککەوتنامەکەی نێوان بەغداد و تاران رووداوێکی “زۆر گرنگ” بووە “هەردوو وڵات پێکەوە هەوڵیانداوە زەمینەی چالاکی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناوببەن، کە تاوەکو ئیستا لە هەرێمی کوردستانەوە، لەدژی ئاسایشی ئێران کاریان کردووە”.
پاییزی ساڵی رابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد لە جارێک بنکە و بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردومانکرد، بەهۆیەوە زیاتر لە 20 کەس لە ئەندامانی ئەو پارت و رێکخراوە سیاسییانە گیانیان لەدەستدا.