زووم، ئاژانسەکان:
▪️ پاش چەند رۆژێک لە گرژیی و کۆکردنەوەى هێز، دواجار بەیانى ئەمڕۆ دۆخەکە تەقییەوە.
▪️ شەڕ لە خەرتومى پایتەختەوە دەستیپێکرد و خەریکە سەرتاسەرى وڵاتەکە دەگرێتەوە.
▪️ رۆیتەرز لە لیژنەى پزیشکانى سودانەوە: لە شەڕ و پێکدادانەکانى ئەمڕۆى سەرتاسەرى وڵاتەکەدا لانیکەم 25 کەس کوژراون و 183 کەسى دیکە برینداربوون.
▪️ ئاگرى شەڕەکە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی خەرتوم.
شەڕ لە نێوان “سەرۆک و جێگر” دایە
▪️ عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکى ئەنجومەنى سیادەى سودان و فەرماندەى گشتى سوپا.
▪️ محەمەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە “حمێدتى”، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سیادە و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
▪️ هێزەکانى پشتیوانی خێرا بەناو بەشێکن لە سوپاى سودان، بەڵام فەرماندەى هێزەکە لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهانى فەرماندەى سوپا لە ناکۆکى قوڵدایە.
▪️ گرژییەکان بۆ چەندین مانگ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، بەڵام چوارشەممەى رابردوو زیاتربوون، کاتێک هێزەکانى پشتیوانی خێرا بەرەو فڕۆکەخانەى سەربازیی “مروی” لە باکورى سودان کەوتنە جوڵە.
▪️ سوپا ئەو هەنگاوەى ئیدانە کرد و هۆشداریشیدا وڵات بچێتە نێو ململانێیەکی مەترسیدارەوە.
▪️ بورهان و حمێدتى لەسەر چەندین پرس ناکۆکن، هەردوولا ناکۆکن لەسەر ئەوەى لەماوەى گواستنەوەدا کێ فەرماندەى گشتى سوپا بێت.
▪️ لەسەر چۆنیەتى تێکەڵکردنى هێزەکانى پشتیوانی خێرا بە سوپا و پلە و پۆستى ئەندامانى هێزەکە ناکۆکن.
▪️ حمێدتى لە دوایین لێدوانیدا دەڵێت “بەداخەوەم بۆ شەڕکردن لە دژى گەلەکەم، بەڵام ئەو بکوژە “بورهان” ناچارى کردین”.
▪️ عەبدولفەتاح بورهانیش دەڵێت “هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک نییە هەتا میلیشیاى “حمێدتى” یاخیبوو خۆى هەڵنەوەشێنێتەوە”.