زووم:
ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)، یەکێک بوو لە فەیلەسوفە فەڕەنسییە دیارەکانى سەدەى بیستەم و ناویشى گرێدراوە بە بوونگەرایی (ئەگزیستیانسیالیزم)ـەوە. سارتەر، هاوکات ئەدیب، وتارنووس، چالاکوانى سیاسییش بوو. سارتەر، بە کۆمەڵێک چەمکیشدا دەناسرێتەوە لە چەشنى بوون و نەبوون، ئاگایی، ئازادى، هەڵبژاردن، بەرپرسیارى، بڕواى خراپ، ڕەسەنێتى، و هتد. سارتەر لە بوارى فەلسەفەدا، کتێبە بەناوبانگەکەى خۆى بەناوى “بوون و نەبوون” لە ساڵى ١٩٤٣ بڵاودەکاتەوە. لە بوارى ئەدەبیشدا، ڕۆمانە ناودارەکەى خۆى لە ساڵى ١٩٣٨ بەناو “هێڵنج” بڵاودەکاتەوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ژمارەیەک شانۆنامەشى نوسیوە لە چەشنى مێشەکان، مردووە بێکفنودفنەکان، و دەستە پیسەکان. لەناو خەڵکى ئاساییشدا بە “فەیلەسوفى ئازادى” ناوى ڕۆیشتووە.
سارتەر بوونى مرۆڤ بە ئازادییەوە دەبەستێتەوە، و تەنانەت دەڵێت “مرۆڤ مەحکومە بە ئازادى”. هۆکارە قووڵەکەش ئەوەیە کە “بوون” لەبنەڕەتدا هیچ مانایەکى تایبەتى نيە. مادام ماناى تایبەتى نیە و ژیان شتێکى ڕێکەوتە، ئەوا مرۆڤیش ناچارە ئازاد بێت. مرۆڤ دەبێت هەڵبژێرێت و چارەنووسى خۆى لەناو ئەم بوونە ڕێکەوتەدا دیاریبکات. چارەنووسى مرۆڤ شتێک نیە پێشتر دیاریکرابێت، بەڵکو هەر ئەوەیە کە خۆى لەڕێگەى ئازادى و هەڵبژاردن و بڕیاردانەوە دەینوسێتەوە. مرۆڤى ڕەسەن، مرۆڤى ئازادە، ئەو کەسەیە کە بڕوا و بەهاکانى خۆى دیاریدەکات و نایبەستێت بە هیچ هێزێکى سەروو-مرۆییەوە. سارتەر پێشى وایە بوون هاوشانە بە دڵەڕاوکێ، چونکە هیچ ئەفرێنەرێک و هیچ گەرەنتییەک بۆ مرۆڤەکان لە ئارادا نیە. ئەو لە ڕۆمانى “هێڵنج”دا دەڵێت: ئەوەى هەیە بەبێ هۆ دێتە دونیاوە و بە یاریدەى لاوازییەکەى خۆى دەژى و بە شێوەیەکى ڕێکەوتیش دەمرێت. دەشڵێت: “هێڵنج لەناو مندا نیە، بەڵکو من لەناو هێڵنجدام”. هێڵنج، لاى سارتەر، گوزارشتە لە بوون و ژیانى مرۆڤ کە هەروەکو هێڵنجێک زیادە و ڕێکەوت و ناپێویستە. هەروەها هێڵنج، ئاماژەیە بۆ نادڵنیایی و نیگەرانى و بێمانایی ئەم ژیانە. بەڵام هەر ئەم تایبەتمەندییانەشە کە سارتەر دەخاتە سەر ئەو بڕوایەى مرۆڤ دەبێت بژى و ئازادانەش بژی، چونکە هیچ بیانوویەکى تایبەت لەئارادا نیە کە کۆیلانە بژین. سارتەر هەموو تێزە بوونگەراییەکەى خۆى لەوێدا کۆدەکاتەوە کە دەڵێت “بوون دەکەوێتە پێش ماهییەتەوە”، واتە بوون سەرەتا هەیە، بەڵام ئێمە دواتر لەڕێگەى ئازادى و هەڵبژاردنى پرۆژەکانى ژیانمانەوە، ماهییەت و کرۆکى ئەم بوونە دەستنیشاندەکەین.
سارتەر، کە لە کۆتاییەکانى تەمەنیدا زیاتر ڕوودەکاتە هزرى مارکسیزم، هێشتا هەر بڕواى بە ئازادییە. ئەو ڕەخنەى لە نوسخە تەقلیدییەکەى مارکسیزم دەگرت کە ئابوریی بە بنەماى هەموو شتێک دادەنا، و مۆدێلى حیزبى تاکڕەویشى ڕەتدەکردەوە. کۆمەڵگاى کۆمۆنیستى لاى سارتەر، بەبێ ئازادى بوونى نابێت. هەردوو فەلسەفەى بوونگەرایی و مارکسیزم پێکەوە، ئەویان گۆڕیبووە سەر ڕۆشنبیرێکى بەهەڵوێست کە بڕواى بە ئازادیی تاک و ئازادیی گەلانى ژێردەستەش هەبێت. سارتەر لە کێشە جیهانى و ناوچەییەکانیشدا دەستێوەردانى هەبوو، لە شۆڕشى کوباوە تا کێشەى فەلەستین و جەزائیر. لە جووڵانەوەى ئایارى ١٩٦٨دا، ئامادەییەکى چالاک و شۆڕشگێڕانەى هەبوو. کاتێکیش دەستگیرکرا، شارل دیگۆلى سەرکۆمارى ئەوکاتى فەڕەنسا وتى: “ڤۆڵتێرەکەى فەڕەنسا بەردەن”.
نوسین لاى سارتەر، لە ژیان و ئاکار جیانەدەکرایەوە. ئەو لە ساڵى ١٩٦٤، خەڵاتى نۆبڵى بۆ ئەدەب ڕەتکردەوە، چونکە پێىوابوو لەگەڵ بیروڕا سیاسییەکانیدا ناکۆکە و خەڵاتەکە لە دەزگایەکەوە دەدرێت کە سەر بە سیستەمێکى چەوسێنەرى جیهانییە. سارتەر، ژیانێکى سادەى هەبوو، بەبێ کۆکردنەوەى سامان و میرات. زۆربەى سامانەکەى دەبەخشییە ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان و خەڵکانى هەژار و لێقەوماو. ئەو بە درێژایی تەمەنى خۆى، بەبێ شێوازە کلاسیکەکەى هاوسەرگیرى، لەگەڵ ژنە فەیلەسوف سیمۆن دی بۆڤواردا هاوڕێیانە دەژیا.
سارتەر لە ڕۆژى ١٥ـى نیسانى ١٩٨٠ لە پاریس کۆچى دوایی کرد. دەیان هەزار کەس لە ڕۆشنبیران و خوێنەران و سیاسییەکان بەشدارییان لە مەراسیمى ناشتنەکەیدا کرد.