زووم:
دادگایەکی فەرەنسا بە تۆمەتی “پشتیوانی لە تیرۆر” سزای زیندانیکردنی بەسەر چەند ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستاندا سەپاند. دادگا دەڵێت، ئەو کەسانەی سزادراون لە رێگەی فشارەوە پارەیان کۆکردووەتەوە، تۆمەتبارەکانیش دەڵێن ئەوان بەردەوام بەرەنگاری تیرۆر بوونەتەوە.
دادگاکەی پاریس دەڵێت، ئەو 11 کەسە پارەیەکی زۆریان لە رێگەی فشار و هەڕەشە لە رەوەندی کوردی سەندووە.
لەو 11 کەسە، چەند کەسێکیان سزای سێ ساڵ زیندانییان لەلایەن دادگای تاوانەکانی پاریسەوە بەسەردا سەپێنراوە “لەگەڵ وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە”. ئەوانی دیکەشیان بە پێنج ساڵ حوکمدراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانی، ئەو 11 ئەندامەی پەکەکە کوردی باکوور بوون، هەفتەیەک زیاترە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر ئەوەی تۆڕێکیان هەبووە و پارە و سەرانەیان لە خەڵک وەرگرتووە.
پارێزەرانی ئەندامەکانی پەکەکە بە بەردەوامیی ویستوویانە تۆمەتی “تیرۆر” رەتبکەنەوە، بۆ ئەوەش بەڵگەی شەڕکردنی پەکەکەیان هێناوەتەوە دژی رێکخراوی داعش.
ئەگەرچی سەرۆکی دادگا گوتوویەتی، کە گومانی تێدانییە ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە لەبەرەی عێراق و سووریاوە شەڕی داعش و تیرۆریان کردووە، بەڵام ئەم جوڵەیە نابێتە بیانوو بۆ ئەوەی حوکم نەدرێن.