چین، یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی جیهان و خاوەنی ئابورییەکی بەهێزە، جەمسەرێکی هەسارەی زەوییە، کە رکابەرەکانی سڵی لێدەکەنەوە.
ئێستا بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە ملیارییە کەوتووەتە دەست حەوت کەس، کە بڕیاری یەکەم و کۆتایی لێدەدەن.
ئەو حەوت کەسە، لە سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین و ئەندامانی باڵای پارتەکە پێکهاتوون، ئەوان لە دوایین کۆنگرەی پارتەکەدا بە پێچەوانەی ئەمریکا و سیستەمی لیبڕاڵیزمەوە، جەختیانکردەوە پێدەنێنە سەردەمێکی نوێی سۆسیالیزمەوە، وەکو سەرۆکەکەیان گوتی، لە هەناوی مارکسیزمەوە مۆدێلێکی چینی دادەمەزرێنن.
شی جینپینگ، تەمەن 69 ساڵ، سەرۆکی وڵات و ئەمینداری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی چینە، پاش بردنەوەی ویلایەتی سێیەمی سەرۆکایەتیی حزبەکە، بووەتە بەهێزترین دەسەڵاتداری چین لە دوای ماو تسی تۆنگەوە.
لی چیانگ، تەمەن 63 ساڵ، ئەندازیاری بەڕێوەبردنی پلانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بووە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهاری داهاتوو وەکو سەرۆکوەزیرانی چین دەستبەکاردەبێت و دەبێتە کەسی دووەمی چین.
چاو لیجی، تەمەن 65 ساڵ، لە ویلایەتی دووەمی شی جینپینگدا سەرۆکی بەرزترین دامەزراوەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بووە، بە ئەگەری زۆرەوە بەهاری داهاتوو دەبێتە سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی چین واتە پەرلەمانی وڵاتەکە.
وانگ هۆنینگ، تەمەن 67 ساڵ، یەکێک لە دیارترین تیۆریزەکارانی پارتی کۆمۆنیستی چینە، راوێژکاری سێ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە بووە، یەکێکە لەوانەی بەرەنگاری کاریگەرییەکانی سیستەمی لیبراڵیزمی رۆژئاوا دەبێتەوە.
تسای چی، تەمەن 66 ساڵ، پێشتر جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی بووە، ساڵی 2017 هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ دەرکردنی ئەو کەسانەی بەبێ مافی مانەوە لە دەوروبەری پەکینی پایتەخت دەژیان.
دینگ شیۆشیانگ، تەمەن 60 ساڵ، ماوەیەکی زۆر یاریدەدەری شی چینپینگ بووە، بەڕێوەبەری نوسینگەی دابینکردنی ئاسایشی سەرکردەکانی حزب بووە، بەشێکی گەورەی ژیانی وەکو ئەندازیار لە شارەوانییەکاندا بەسەربردووە.
لی شی، تەمەن 65 ساڵ، سەرۆکی کانتۆنی گوانگدۆنگ بووە، کە بە سەنتەری پیشەسازیی چین دادەنرێت و لەوێوە موعجیزەی ئابوری وڵاتەکەیان دەخوڵقاند، باوکی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی شۆڕش.