ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە ئەگەری بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم مەترسی بۆ ئەو کەرتە و سەرچاوەی داهاتی هەرێم دروستدەبێت.
رپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە بەهۆی ناکۆکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و حکومەتی تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێم بە راگیراویی ماوەتەوە.
کارمەندێکی کۆمپانیا نەوتییەکانیش بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم بە راگیراویی بمێنێتەوە، ئاستی نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت ئەگەر بەمنزیکانە نەوتی لێدەرنەهێندرێت. ئەمەش مەترسییەکی جددی بۆسەر کەرتی نەوتی هەرێمى کوردستان دروستدەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان نەتوانێت ئەو عەمبارانەی نەوت کە پڕکراون، بەتاڵ بکات، ئەوا روبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە.
حکومەتی هەرێمى کوردستان، کە بۆ زۆرینەی داهات پشت بە نەوت دەبەستێت، دووچاریی مەترسییەکی جددیی ئابوریی دەبێتەوە.
لە راپۆرتەکەى ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەردا هاتووە: “حکومەتی هەرێمى کوردستان چەندین ساڵە شکستیهێناوە کە موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بدات و دابەزینی داهاتی وڵاتەکە، دۆخەکە ناسەقامگیتر دەکات”.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای بەردەوامیی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەرپرسانی هەرێمى کوردستان رۆژی هەینی بە ماڵپەرەکەیان راگەیاندووە، هیچ پێشهاتێکی نوێ لەوبارەیەوە لە ئارادا نییە.