زووم:
کاتژمێر 11:00ى شەوى رابردوو پەیوەندیم بە هاوسەرەکەمەوە کرد بۆ هەواڵپرسین، گوتى:”کارێکم هەیە” بەڵام ئیدى مۆبایلەکەى داخرا و نەگەڕایەوە، هاوسەرەکەى دەشڵێت، دواى کاتژمێر 4:00ـى بەیانى، محەمەد یابە سۆفى، بە سەرى شکا و جەستەى بێهێزەوە گەڕایەوە.
محەمەد یابە سۆفى، تەمەنى 52 ساڵە و پارێزەرى راوێژکارە لە شارى هەولێر، بەگوتەى هاوسەرەکەى پێشتر لەسەر دۆسیەی ژن و پیاوێک هەڕەشەى لێکرابوو، بەڵام ئامادەنەبووە لە دۆسیەکە بکشێتەوە. ئەو ئەم قسانەى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەبەردەمى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەولێر بۆ رۆژنامەنوسان کرد.
محەمەد یابە سۆفى، شوێنەوارى لێدوان و ئەشکەنجەى توند بە جەستەیەوە دەبینرێت، ئێستاش لەژێر چارەسەرى پزیشکیدایە.
برایەکی پارێزەرەکە بۆ زووم: ئێمە کوڕى یاساین و تەنها یاسا دەناسین
برایەکى قسەى بۆ زووم کرد و گوتى: چاوەڕوانین لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن، “ئێمە کوڕى یاساین و تەنها یاسا دەناسین” داوا لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیران و پارێزگارى هەولێر و بەرپرسانى دیکە دەکەم دۆسیەکە بە “زایەع” نەڕوات.
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەى هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت: “بەتوندى ئیدانەی هێرشکردنە سەر محەمەد یابە سۆفى، پارێزەرى راوێژکار دەکەین”
سەندیکاکە دەڵێت، پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیر بکەن. ئەو “لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرشى کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و رۆحی و شکاندنى سەر و رووخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت”.
زوومى هەولێر دەڵێت، محەمەد یابە سۆفى، سکاڵاى تۆمارکردووە، هاوکات سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانیش رایگەیاند، لە پاڵ پارێزەرى سکاڵاکار ئێمەش سکاڵاى خۆمان لە دژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆماردەکەین و گشت رێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان شایەتى بۆ محەمەد یابە سۆفى دەدات
محەمەد یابە سۆفى، ئەندامانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانە، سەندیکاکە شایەتى بۆ دەدات کە “تاوەکو ئێستا و تەنیا لە پێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکى لە مافى بریکاردار کردووە”.
بەگوێرەى ماددەى 22ـى یاساى پارێزەرایەتى، هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەرە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت.
پارێزەرێک لە بەردەم نەخۆشخانە بە رۆژنامەنووسانى گوت: سزاى هێرشبەرەکە بە لایەنى کەم 10 ساڵ زیندانى دەبێت.