زووم، ئاژانسەکان:
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای سەرهەڵدانی چەندین ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان لەوڵاتەکەیدا، لەکۆتاییدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە یاسای خانەنشینی واژۆکرد و و پرسەکە بەفەرمیی لە یاسای وڵاتەکەدا جێگیرکرا.
یاساکە، کە وەک یاسای چاکسازیی خانەنشینی ئەو وڵاتە ناسراوە، تەمەنی خانەنشینی وڵاتەکەی لە 62 ساڵییەوە بۆ 64 ساڵی بەرزکردەوە، واتا کارمەندانی ئەو وڵاتە تا نەگەن تەمەنی 64 ساڵیی ناتوانن خۆیان خانەنشین بکەن.
واژۆکردنەکەی ماکرۆن چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە یاساکە بەفەرمیی لەلایەن دامەزراوەی دەستوریی وڵاتەکە پەسەندکرا. لە هەمان کاتیشدا داوایەکی ئۆپۆزسیۆنی رەتکردەوە کە تایبەتبوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆمێک لەسەر ئەو پرسە.
دوابەدوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی دەستوریی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەریانهەڵدا و خۆپیشاندەران ئاگرییان لەسەر شەقامەکانی پاریسی پایتەختدا کردەوە، کە بەهۆیەوە 112 کەس دەستگیرکراون.
لە سەرەتای ناساندنی پرۆژەیاساکەوە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، 12 رۆژ خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرتاسەری فەرەنسادا ئەنجامدراون.
داوا لەسەرجەم کارمەندانی وڵاتەکە کراوە لە 1ی ئایارایەوە بێنەوە سەر شەقامەکان
لە ئێستاشدا، سەندیکاکانی کارمەندانی ئەو وڵاتە بەڵێنیان داوە لەدژی چاکسازییەکە بوەستنەوە و داوایان لەسەرجەم کارمەندانی وڵاتەکە کردووە لە 1ی مانگی ئایاری داهاتووەوە بێنەوە سەر شەقامەکان.
لەوبارەیەوە، ماکرۆن رایگەیاند، یسای چاکسازیی هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی سیستمی خانەنشینی وڵاتەکەی لە داڕمان بپارێزێت و بڕیارەکەش لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەشێک لە خۆپیشاندەران کە لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریی وڵاتەکەدا گردبوونەوە رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تاوەکو ئەوکاتەی گۆڕانکارییەکان هەڵدەوەشێنەوە.
لوسی تەمەن 21 ساڵ کچێکی خۆپیشاندەرە و بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند زۆر بێهیوابووە لەکاتێکدا “چیتر توانایان نەماوە بەرەنگاری بڕیارەکە ببنەوە.”
هەرچەندە هاوار بکەین، کەس گوێمان لێ ناگرێت
ئاماژەی بەوەشدا، “هەرچەندە هاوار بکەین، کەس گوێمان لێ ناگرێت.”
ئەنتۆنی بریستیێل، شرۆڤەکاری سیاسی فەرەنسا رایگەیاند، پێی وانییە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کە چوار مانگە لە سەرانسەری فەرنسادا بەردەوامە، بەمنزیکانە کۆتایی پێ بێت.
گوتیشی، “هەر لەسەرەتاوە خەڵکی بڕوایان وابووە یاساکە لە ئەنجومەنی دەستووریی وڵاتەدا پەسەند دەکرێت و بڕیارەکەشیان شتێکی شۆکهێنەر نییە.”
ئەو ئاماژەی بەوەشدا، “دەبێت چاوەڕوانیی چەند کاتژمێری داهاتوو بین و لە کۆتایی هەفتەدا چەندین ناڕەزایەتی لەوڵاتدا سەرهەڵدەدات، چونکە 70%ی خەڵکی فەرەنسا لەدژی چاکسازییەکەدا دەوەستنەوە.”