زووم، ئاژانسەکان
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانى گوت: “بڕیارمداوە خۆم بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا لە ساڵى 2024 کاندید بکەم”.
بایدن دەمێکە باسی خۆکاندیدکردنەوەى بۆ خولى دووەمى سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات، بەڵام لەبەرئەوەى تاوەکو ئێستا بە فەرمى راینەگەیاندووە، بۆیە بەشێک لە لایەنگرانى لە دیموکراتەکان توشى دڵەڕاوێ بوون.
بایدن لە وەڵامى ئەمەدا گوتى: “پلانەکەم ئەوەیە جارێکى دیکە خۆم کاندید بکەمەوە و بەمنزیکانە بە فەرمى رایدەگەیەنم”.
کاندیدبوونەوەى بایدنى تەمەن 80 ساڵ، رەنگە بۆ دیموکراتەکان وەک ریسکێک بێت، بەوپێیەى ئێستا پارتەکەى لە کۆنگرێسش کەمینەیە، دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنى نیوەخولى ساڵى رابردوودا زۆرینەى لەدەستدا. لە هەمان کاتدا دۆناڵد ترەمپی رکابەریشی بەردەوام دەڵێت: بایدن تواناى سەرۆکایەتى نەماوە.
بایدن ئەگەر لە هەڵبژاردنى داهاتوودا سەرکەوتوو بێت، تەمەنى تاوەکو کۆتایی ئەو خولەى سەرۆکایەتییەکەى پێدەنێتە 86 ساڵى تەمەنى، کە نۆ ساڵ لە تێکڕاى تەمەنى پیاوانى ئەمریکا زیاترە.
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2020 بایدن و ترەمپ رکابەری یەکدى بوون، سەرئەنجام بایدن سەرکەوت. ترەمپ تاوەکو ئێستاش نابەناو باس لە ساختەکارى لە هەڵبژاردنەکان دەکات و چاوى لە گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵات، کە خولى پێش بایدن سەرۆک بوو.
ترەمپ سەربارى ئەوەى بە فەرمى خۆى بۆ هەڵبژاردنى ساڵى 2024 کاندید کردووە، بەڵام ئێستا گیرۆدەى لێپرسینەوەکانى دادگای نیویۆرکە، کە 35 تۆمەتى روبەڕوو کراوەتەوە، بەتایبەتى لەبارەى دۆسیەى پارەدان بە ئەکتەرێکى پۆرن بۆ بێدەنگبوونى لە پەیوەندی پێشوویان.
ترەمپ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، هیچ نیازێکیشی نییە بۆ کشانەوە لە کاندیدبوونى ئەگەر دادگاش رێکارى بەرامبەر بگرێتە بەر، ئەمە گوتەى پێش چەند رۆژێکى خۆیەتى.
لە ئەمریکا سەربارى بوونى ژمارەیەک پارت، بەڵام وەک کلتورى لێهاتووە کە دەسەڵات لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت. بەگشتى هەر پارتێک خولێک بباتەوە خولى دواتریش دەباتەوە، بەڵام ترەمپ لەمەدا چانسی نەبوو، لە سەردەمى سەرۆکایەتییەکەیدا نەیتوانى خولى دووەم بباتەوە. ئێستا ئەو دەیەوێت بایدنیش بەهەمان دەردى خۆی ببات و ئەو کلتورە بەتەواوى بشکێنێت.