زووم،ئاژانسەکان
لە مانگی رەمەزاندا هەندێک رۆژووان دەگەنە حاڵەتێکی ماندووبوون بەهۆی نەخواردنی ئەو ژەمانەی قەرەبووی جەستە دەکاتەوە بە ڤیتامین و کانزاکان، کە لەم مانگەدا بەهۆی رۆژووگرتن لەدەستیداوە.
بەهۆی پێویستیەکانی لەش بە ڤیتامین و کانزاکان و کاربۆهیدرات و چەوریە تەندرووستەکان، مرۆڤ تووشی تێکچوونی هاوسەنگی دەبێت، لەگەڵ هیلاکی و شەکەتبوون و تێکچوونی خەو، هەروەها دڵەکزێ و تێکچوونی هەرس و سەرئێشە.
هەدیل بوسەعید، کە پسپۆڕێکی بواری خۆراکە بە سکای نیوزی راگەیاندووە، هەستکردن بە بە بێهێزی و هیلاکی لە دیارترین نیشانەکانی دوا رۆژەکانی رەمەزانە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو رژێمی خواردنەی پەیڕەو کراوە هەڵەیە و دوای تەواو بوونی نیشانەکان پێویستە ئەم رێنماییانە جێبەجێبکرێت:
- دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەوی لە خواردن کە ئەمە دەبێتە هۆی ماندووبوون و کەمی جوڵە
- دوورکەوتنەوە لە خواردنی چەور لە ژەمی پارشێو و بەربانگ
- دوورکەوتنەوە لە خواردنی سورکراوە و شیرینی، چونکە چالاکی جەستە کەمدەکاتەوە
- دوورکەوەرەوە لە خواردنەوە ئارامکەرەوەکانی وەک نەعنا و ئەوانی دیکە
- دوورکەوەرەوە لە خواردنەوەی شەربەتە شەکریەکان، چونکە ئەنسۆلین بە فشارەوە دەنێرێت بۆ خوێن کە ئەمە وادەکات خەواڵوو بیت
- بە گەدەی تێر و دوای نان خواردن مەخەوە و رامەکشێ
- لە دوای بەربانگ بڕێکی باش لە شلەمەنیەکان بخۆ
- 2 بۆ 3 لیتر ئاو بخۆرەوە
- دوو یان سێ کاتژمێر دوای بەربانگ، وەرزشی بەپێ رۆیشتن بکە
- ژەمی سووک بخۆ لە نێوان بەربانگ و پارشێو، چونکە وزەی پێویستت ئەداتێ بۆ رۆژی دواتر
- ئەو رووەک و سەوزانە بخۆ کە ئاسان هەرس دەکرێن، وەک سڵق، سپێناخ، کاهوو، چەوەندەر،گێزەر و پەتاتەی شیرین
- میوەی تازە بخۆ وەک سێو
- میوەی وشکی وەک هەنجیر و خورما و مێوژ بخۆ
- شۆفان بخەرە ناو لیستی خۆراکی رۆژانە
- شۆربا و شیر بخۆ
- زەڵاتە و سەوزە بە بڕی باش بخۆ
- رۆژانە پێش پارشێو، بەگەدەی بەتاڵ کەوچکێک زەیتی زەیتون بخۆ
- ئەڤۆگادۆ و برۆکلی و پەتاتە و خەیار و کەلەرم و زەنجەفیل بخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکچوونی هەرس
ژەمی پارشێو گرنگترە لە بەربانگ
ئەحمەد خەلیل، پزیشکی گشتی بە سکای نیوزی راگەیاندووە، بەشێکی زۆری ماندووبوون لە کۆتا هەفتەی رەمەزان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رۆژووان پارشێو ناکات بە هۆی خەبەرنەبوونەوە
پزیشکەکە دەڵێت، ژەمی پارشێو گرنگترە بەو پێیەی وزەی پێویست دەدات بە جەستە بۆ تەواوی رۆژەکە، کە پێویستە ژەمەکە دەوڵەمەند بێت بە کاربۆهیدرات تا لە رۆژدا دووچار سەرئێشە نەبینەوە و کەمتر هەست بە تینویەتی بکەینەوە
پزیشکەکە گوتویەتی، دەبێت کوپێک برنجی کوڵاو یان مەعکەرۆنی یان پەنیر و هێلکە بخورێت، لەگەڵ خواردنەوەی کوپێک شیر، هەروەها خواردنی شیرینی سوک بەو پێیەی هەستی تێربوون دەدات بە جەستە