وادەردەکەوێت بەستەڵەکەکەی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی بشکێت.. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە رێگەی زوومەوە وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی دایەوە.
مەسرور بارزانی دوێنێ لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیمێکی وەزاریی راسپاردبوو کە سەردانی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن، لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، کە زیاتر لە شەش مانگە بایکۆتیان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم تیمێکی سێ کەسی پێکهێناوە بۆ ئەوەی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزارەیی یەکێتی بکەن. ئەو تیمەی بڕیارە سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن بریتین لە هەریەک لە پشیتوان سادق لە پارتی، دانا عەبدولکەریم لە گۆڕان و عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لە سۆسیالیست.
قوباد تاڵەبانی:
ئەوان برا و فەریقی خۆمن
ئەمە جاری یەکەمە مەسرور بارزانی تیمێکی وەزاریی بۆ گەڕانەوەی جێگری سەرۆکوەزیران دەنێرێت، پێشتر دوو جاری دیکە لە راگەیەنراوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا داوای گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردبوو.
کەمێک لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ زووم ئاشکرایکرد، کە ئامادەن پێشوازیی لە تیمەکەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، قوباد تاڵەبانی بە زوومی گوت، ئەوان برا و فەریقی خۆمن، هەمیشە دەرگام کراوە بووە هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ کەسانی دیکەش.
قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی لە کۆتاییەکانی مانگی 10ی ساڵی رابردوەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە.
پاش ئەم دەستپێشخەرییەی مەسرور بارزانی و ئەم وەڵامەی قوباد تاڵەبانی بۆ زووم، پێدەچێت کەشەکە لەباربێت بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی و کۆتاییهێنان بە بایکۆتی شەش مانگەی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران.