جەنگیز چاندار نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناسراوی تورکیا کە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا کاندیدکردووە، ئاماژەی بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دا و رایگەیاند، کێشەی کورد کێشەیەکی ئاڵۆزە و گرنگە لە پەرلەمان دەست بە چارەسەری پرسەکە بکرێت، بەڵام نابێت جارێکی دیکە، پشتگوێ بخرێت.
سەدا تاشکین، رۆژنامەنووسی ماڵپەڕی ‘ئارتی گەرچەک’ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جەنگیز چاندار کەسایەتی ناسراوی تورکیا ئەنجامداوە و پرسیاری لێکردووە کە وەک کاندیدێکی پارتی چەپی سەوز، ئەگەر بچێتە پەرلەمان، بۆ چارەسەری پرسی کورد چی رێگەیەک دەگرێتە بەر.
ئەردۆغان گەمارۆی لەسەر دانابووم
چاندار دەڵێت، “کێشەی کورد، کێشەیەکی گەورەیە پێویستە بزانرێت کێشەیەکی چۆنە و چۆن چارەسەر دەکرێت. لە ساڵی 2014دا بەهۆی ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی لەسەر دانابووم، هیچ کەناڵ و میدیایەک چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا نەدەکردم. لەو سەردەمەدا لە زانکۆی ستۆکهۆڵمەوە پێشنیازێکم بۆ هات. داوایان کرد کە کتێبێک لەبارەی کێشەی کوردەوە بنووسم و بۆیەش چووم بۆ سوید. چوار ساڵ لەوێ، واتە تاوەکو ساڵی 2020 سەرقاڵی کتێبێک بووم بە ناوی ‘کوردەکان شەڕ و ئاشتی’. کتێبەکە لە ساڵی 2020دا لەلایەن ئەکادیمیایەکی ئەمریکیەوە چاپرا. کتێبەکەم بە گوێرەی ئەزموون و لێکۆلینەوەکان لە رووی مێژوو، بناغەی کێشەکە و پرۆسەکانی چارەسەری نووسی و کتێبێکی گشتگیرە.”
لە تورکیا “رژێمێک” لەسەر دوژمنایەتیکردنی کورد بنیاتنراوە
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا جەنگیز چاندار باس لە هەڵوێستی ئەردۆغان و حکومەتی ئێستا لەبەرامبەر کێشەی کورد کرد و گوتی، “لە ئیستادا رەجەب تەیب ئەردۆغان هیچ هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نانێت. دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەری کۆتایی هات، رژێمێک لەسەر بناغەی دوژمنایەتیکردنی کورد و زەقکردنی نەتەوەپەرستی پێکهێندرا. لەگەڵ هاوبەشەکانیدا و لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەو هەڵوێستەی گرتە بەر. پرسی یەکەمیان هێرش کردنە سەر کوردانی سوریا و لەناوبردنی پێگەکەیانە. سەرەکیترین کێشەی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەیە. بەهۆی ئەوەی کوردانی سوریا پێگەیان هەیە، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ ئاڵۆز کردووە. ئیستا وڵاتێکی بەم شێوەیەمان هەیە.”
دەسەڵاتی ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری نانێت
جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەدا ئەگەر دەسەڵاتی ئەردۆغان لە تورکیا بمێنێت، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری پرسی کورد نانرێت و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، “ئەگەر ئەم حکومەتە لەسەر دەسەڵات بێت، هیچ شتێک روونادات، بەڵام ئەگەر کەمال کلجدارئۆغلۆ سەربکەوێت و پەرلەمان بکەوێتە دەستیان، ئەگەرێکی زۆر هەیە، هەنگاو بنرێت. کلچدارئۆغلۆ راگەیاندبووە کە کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر دەکات. پێشتریش جەهەپە باسی پرۆسەکەی کردبوو. هاوسەرۆکانی هەدەپەش رایانگەیاند کە کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر دەکەن. دەبێت بەو شێوەیەش بێت. ئەگەر پەرلەمان دەسەڵاتی یەکەم بێت، پێویستە گەورەترین کێشەش لەوێ چارەسەر بکرێت.”
سەرەتا پێویستە هەڵبژێردراوانی کورد ئازاد بکرێن
هەروەها دەشڵێت، “کێشەی کورد کێشەیەکی زۆر ئاڵۆزە. چارەسەرکردنی کارێکی ئاسان نییە. لەوانەیە شوێنی چارەسەری پەرلەمان بێت، بەڵام بە تەنیا قسەکردن چارەسەری لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. رێگەی زۆر بۆ چارەسەری هەیە. لە ئیستادا لە تورکیا کێشەی کورد گۆشەگیرکراوە. تورکیا وڵاتێکی ئاسایی نییە. پێویستە لە سەرەتادا تورکیا بۆ وڵاتێکی ئاسایی بگۆڕدرێت. تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، دیموکراسی جێگیر نابێت. تورکیاش دیموکرات نەبێت، کێشەی کورد چارەسەر نابێت. ئەم دوو پرسە ئاوێتەی یەکدی بوون، بەڵام سەرەتا پێویستە هەنگاوی دیموکراسی بنرێت و زەمینەیەکی لەبار فەراهەم بکرێت. پێویستە سەرەتا دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە و نوێنەرانی کورد کە هەڵبژێردراون ئازاد بکرێن و ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن بگەڕێنەوە، بە پێچەوانەوە ناتوانرێت باسی چارەسەر پرسی کورد بکرێت.”
جەنگیز چاندار نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناسراوی تورکیا و کاندیدی لیستی پارتی چەپی سەوز لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەگەر لە پرسی چارەسەری کێشەی کورددا، داوای لێبکرێت، بە تامەزرۆیەکی زۆرەوە ئامادەیە ڕۆڵ بگێڕێت.