زووم، ئاژانسەکان:
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نزیکەی 100 کەس، لەنێویاندا ژن و منداڵ کوژران، بەهۆی هێرشێکی بۆمبی سوپای خۆسەپێنى میانمار بۆسەر گوندنشینانی گوندێکی ناوچەی ساگاینگ.
حکومەتی هەڵبژێردراوی میانمار بەهۆی کودەتایەکەوە لە شوباتی ساڵی 2021دا لەلایەن فەرماندەی سەربازیی باڵای ئەو وڵاتەوە لەدەسەڵات هێنرایە خوارەوە و لەوکاتەوە وڵاتەکە سوپایەکی “خۆسەپێن” حکومڕانیی دەکات.
وەزارەتی کاری حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی “لەکارخراو” رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا “چەندین هاوڵاتی بێتاوان کە لە نێوانیاندا منداڵ و ژنانی دووگیان هەبوون کوژراون و برینداربوون” و هێرشەکەی بە تاوانێکی جەنگی ناوبرد.
هێرشەکە رۆژی سێشەممە لەلایەن هێلیکۆپتەری جەنگییەوە ئەنجامدراوە لەکاتێکدا کە خەڵکی ئەو گوندە لەدژى کردنەوەی نوسینگەیەکی “حکومەتی خۆسەپێن” گردبوونەوە. بەڵام لەلایەن هێلیکۆپتەرەکەوە دوو بۆمب بەسەر خەڵکەکەدا فڕێدراوەتە خوارەوە.
لە چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایتی تویتەردا بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت تەرمی دەیان کەس بەهۆی بۆمبەکانەوە پارچە پارچەبوون و خانووەکانی ئەو ناوچەیە داڕماون.
Up to 100 people, including several children, killed in Myanmar airstrike on rebel held area — biggest strike since the military takeover in 2021 pic.twitter.com/t2R2xqPVRB
— Shiv Aroor (@ShivAroor) April 12, 2023
لەدوای روداوەکە، ماهن وین خین، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی لەکارلادراو لە پەیامێکیدا بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان دەپرسێت، “دەبێت سوپا چەند کۆمەڵکوژیی دیکە بکات تاوەکو ئێوە هەنگاوی کرداریی دەنێت؟”
Heartbroken by the latest aerial massacre in Sagaing. The Myanmar junta continues to commit brutal atrocities, killing at least 50, including children. I implore the UN: how many more massacres must occur before you take action? How much longer will our people suffer under this? pic.twitter.com/ya3XGS1J77
— Mahn Winn Khaing Thann (@MahnWinnKhaing) April 11, 2023
لەوکاتەوەی کودەتاکە کراوە، هەزاران کەس لە میانمار لەلایەن “حکومەتی خۆسەپینی” ئەو وڵاتەوە کوژراون و چەندین سیاسەتمەدار، رۆژنامەنوس و چالاکى دیموکراسی دەستگیرکراون.
سەرەڕای سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی گرژییە سیاسییەکانەوە لەو وڵاتەدا ناسەقامگیری و توندوتیژی بەشێوەیەکی بەرچاو باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە. ئەمەش بووەتە هۆی داڕمانی ئابوری، کەمی خۆراک و سوتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان.
میانمار وڵاتێکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، وڵاتێکی فرە نەتەوەییە، بەشێوەیەک زیاتر لە 100 نەتەوە تێیدا دەژین. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 54 ملیۆنە و هاوسنورە لەگەل هیندستان، بەنگلادیش، چین، لاۆس و تایلەند.
وڵاتەکە بە کانزای سروشتی و گاز دەوڵەمەندە، جگە لەمەش، پشت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی قوماش و کەرتی گەشتیاری دەبەستێت، بەڵام بۆماوەی چەندین دەیەیە بەدەست شەڕی ناوخۆوە گیرۆدە بووە و ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە لەوکاتەوە دەستیان پێکرد، کە لەساڵی 1948 لە دەست داگیرکارییەکانی بەریتانیاوە سەربەخۆیی خۆو وەرگرت.