ریشی سوناک بوو بە سەرۆکوەزیرانى نوێى بەریتانیا. لە بەردەم پەرلەمانتارانى پارتى پارێزگاراندا گوتارێکى پێشکەشکرد و گوتى “پێشینەی کارەکانمان سەقامگیری ئابوریە” پاشان هەنگاو بۆ جێبەجێکرنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنى ساڵى 2019 دەنێن.
ئابورى بەریتانیا دواى بڕیارەکانى لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانى پێشوو “ناسەقامگیر”بوو، بەتایبەتى دواى بڕیارى کەمکردنەوەى 45% باج. ترەس، کە رۆژى 6/9/2022 بوو لە هەڵبژاردندا بەسەر ریشی سوناکدا سەرکەوت، بەڵام فشارە ناوخۆییەکانى پارتەکەى ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەى کرد، سەرئەنجام سوناک چووە شوێنەکەى.
سەرۆکوەزیرانى نوێ لە گوتارەکەى ئەمڕۆیدا بۆ پەرلەمانتارانى پارتەکەى گوتى، “بانگتان دەکەم بۆ کارکردن لەپێناو یەکگرتن، پێویستە جەخت لەسەر سیاسەت بکەینەوە، نەک کەسایەتیەکان”.
لەسەردەمى 45 رۆژەى دەسەڵاتى ترەس، دابەشبوون و ناڕەزایی لەنێو پارتى پارێزگاران بە ئاشکرا دەبینرا، سوناک دەڵێت “حکومەتەکەم نوێنەرایەتی تەواوى پارتى پارێزگاران دەکات”.
بەگوێرەى ئەو راپرسیانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى ترەسدا کران، دەنگى پارتى پارێزگاران لە پاشەکشەدایە، ناسەقامگیرى ئابورى، دابەزینى بەهاى پاوەند بەرامبەر بە دۆلار و شڵەژاوى بازاڕى بەریتانیا لە هۆکارە سەرەکییەکانى پاشەکشەکەن.
ریشی سوناک، بە پەرلەمانتارەکانى گوت “ئەرکێکمان لە ئەستۆیە بەرامبەر گەلەکەمان، ئێستا کاتی یەکگرتووییە”.
ئەو دۆخە ئابورییەى لە بەریتانیا دروستبووە، داواکارى هەڵبژاردنى پێشوەختەى وروژاندووە، پارتى کرێکارانى رکابەرى پارێزگاران، چارەسەرى دۆخەکەى بەستووەتەوە بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە.
دەسەڵاتى بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە لای حکومەتە، حکومەتیش لاى پارتى پارێزگارانە و بە 357 پەرلەمانتار لە کۆى 650 پەرلەمانتار زۆرینەى پەرلەمانى هەیە. بەگوێرەى یاساش دەتوانێت تاوەکو کۆتایی مانگى یەکى ساڵى 2025 بەردەوام بێت و هەڵبژاردن نەکات، بەڵام پەرلەمانتارانى پارێزگاران دەڵێن سوناک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
ریشی سوناک کێیە؟
▪️ساڵی 1980 لە ساوسهامپتنی بەریتانیا لەدایکبووە.
▪️بە رەچەڵەک هیندییە و لە خێزانە کۆچبەرەکانە، باپیرانی لە هیندستانەوە کۆچیان بۆ رۆژهەڵاتی ئەفریقیا کردووە و پاشان باوک و دایکی لە ساڵانی شەستەکاندا رویان لە بەریتانیا کردووە.
▪️باوکی پزیشکی گشتی بووە و دایکی دەرمانخانەکەی بەڕێوەبردووە.
▪️سوناک ساڵى 2001 زانکۆی ئۆکسفۆردى تەواوکردووە و خاوەنی بڕوانامەى ماستەرە لە بواری کارگێڕیی کار لە زانکۆی ستانفۆرد.
▪️”ئەکشاتا مۆرسی” هاوسەری، کچی ملیاردێری هیندی “نارایانا مۆرسیە” کە خاوەنی کۆمپانیای بواری تەکنەلۆجی Infosys
▪️بەهۆی بازرگانییەکانی خۆی و پشکی گەورەی هاوسەرەکەی لە کۆمپانیاکەی “نارایانا”، سەروەتێکی زۆریان پێکەوەناوە، کە بە 730 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت.
▪️لە ساڵی 2010ەوە پەیوەندی بە پارتی پارێزگارانەوە کردووە و ساڵی 2014 سەرۆکی یەکەی توێژینەوەی کەمینە نەتەوایەتی و رەشپێستەکان بووە لەنێو حزبەکەدا.
▪️ساڵی 2015 کاندیدی پارتی پارێزگاران بووە بۆ پەرلەمانی بەریتانیا، دواتر لە ساڵی 2017 و 2019 دووبارە هەڵبژێردرایەوە.
▪️سێجار دەنگی داوە بە پلانەکەی “تێریزا مەی” سەرۆکوەزیرانى پێشووتر، بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.
▪️ساڵی 2018 بووە بە جێگری وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی “نیشتەجێبوون و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان”.
▪️پشتیوانێکى سەرسەختی بۆریس جۆنسن بووە لە کاتی دەسەڵاتییدا.
▪️کانوونى دووەمى 2020 لە کابینەکەى جۆنسن بووەتە وەزیری دارایی، کە ئەوکات 39 ساڵ بوو، بەمەیش بچوکترین وەزیر بوو کە ئەو پۆستە بەڕێوەببات.
▪️لە کاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، پشتگیری موچە و مافی کرێکاران و کۆمپانیاکانی کرد، بۆئەوەى کار نەوەستێت و ڤایرۆس و کەرەنتینە زیان بە ئابوری وڵات نەگەیەنێت، ئەمەش بە راگەیاندنی بەرنامەیەکی پشتیوانی.
▪️هەر لەو کاتەوە خۆشەویستییەکی زۆری لەنێو خەڵکدا پەیدا کرد و لە زۆربەی کۆنگرەکان لەبری سەرۆکوەزیرانیش ئامادە دەبوو.