بەگوێرەی راپرسیەکی نوێ کە لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدراوە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، کۆتایی بە دەسەڵاتی 21 ساڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) وەک سەرۆککۆماری تورکیا دەهێندرێت.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا مانگێکى دیکە بەڕێوەدەچن، زوومى میدیا و خەڵکیش لەبارەى ئەنجامى ئەو راپرسییانەیە کە ئەنجام دەدرێن، دوایین راپرسی کۆمپانیای گەزیجی ئەنجامی داوە، کە کۆمپانیایەکی ناسراوی بواری راپرسی و لێکۆلینەوەیە.
https://twitter.com/geziciarastirma/status/1646050318491308033?cxt=HHwWgsC-weSC-dctAAAA
راپرسییەکە لەم شارانە ئەنجامدراوە: ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، بالیکەسیر، بورسا، چاناککالە، دەنیزلی، ئامەد، ئەرزینجان، ئەرزەرم، دیلۆک (عەنتاب)، گیرەسون، هاتای، ئەستەنبوڵ، ئیزمیر، قەیسەری، کۆجائەلی، قۆنیا، مەلەتی، ئۆردو، سامسون، سیواس و وان، بۆچوونى دوو هەزار و 864 دەنگدەری بەشێوەی روبەڕوو وەرگرتووە.
پرسیار لە بەشداربووان کراوە دەنگ بە کام کانیدیدی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەیت، ئەنجامەکەش بەم شێوەیەیە:
کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن 53.4%
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتی ئاکەپە و کاندیدی هاوبەشی دەسەڵات 43.2%
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتی پارتی مەملەکەت 2.1%
سینان ئۆغان کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی ئاتا 1.3%
هەروەها پرسیار لە بەشداربووانی راپرسیەکە کراوە ئەگەر لە خولی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان سەرنەکەون و لە خولی دووەمدا کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بمێننەوە، دەنگ بە کام کاندیدی دەدەن، ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە.
کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن 55.2%
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتی ئاکەپە و کاندیدی هاوبەشی دەسەڵات 44.8%