زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا سكاڵایەکی تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس جێبەجێ بکرێت، کە تایبەتە بە بردنەوەی دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەى تورکیا بە بەرژەوەندى عێراق.
مانگی رابردوو دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق لە دژی تورکیا دەرکرد کە تێدا بەغداد ئەنقەرەی تۆمەتبارکردبوو، کە بەبێ رەزامەندی ئەو، تورکیا رێگەی داوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سکاڵا نوێیەکەى عێراق لە دادگای ناوچەیی ئەمریکا لە ناوچەی کۆڵۆمبیا تۆمارکراوە، داوای “داننان، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتایی دادگای ناوبژیوانیی” لە دادگاکەی ئەمریکا دەکات.
لە بڕیارەکەی دادگاى پاریسدا هاتووە دەبێت تورکیا بڕی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە، کە پەیوەندی بە ساڵانی نیوان 2014 بۆ 2018ەوە هەیە.
بڕیارەکەی دادگای پاریس، تورکیای ناچارکرد هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە رابگرێت، بەمەش خستنەڕووی نەوتی جیهان بەرێژەی 0.5% دابەزی.
بەدوای بڕیاری دادگاکەی پاریس، هەولێر و بەغداد رێککەوتنێکی سەرەتاییان لەنێوانیاندا واژۆکرد، کە بەهۆیەوە رێگە بە هەرێم دەدات لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بە تورکیادا نەوتەکەی هەناردە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.
کێشەکە لەوەدایە تورکیا دەیەوێت، بەر لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، دۆسیەیەکى دیکە یەکلایی ببێتەوە، کە پەیوەندیی بە ساڵی 2018ەوە هەیە. چونکە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس، وەزارەتی وزەی تورکیا رایگەیاند، عێراق لەلایەن هەمان دادگاوە داوای لێکراوە قەرەبوو بداتەوە بە ئەنقەرە.