وەلید عومەر
یەک:
ئاشکرایە درۆن (drone)، یەکێکە لە بەرهەمە تەکنۆلۆژییەکانى ئێستا کە سوپا و خەڵکى مەدەنییش بەکاریدێنن. سوپا بۆ پێکانى فیتاوفیتى ئامانج، و خەڵکە مەدەنییەکەش (بە میدیا و دەزگا ناسەربازییەکانەوە) بۆ ڕاییکردنى کۆمەڵێک کاروبار و سەرەنجام گەمەکردن و سەرگەرمى بەکاریدێنن. بەرهەمە زانستییە پێشکەوتووەکان، دیسان ئەو پرسیارە دێنێتەوە گۆڕێ ئاخۆ کۆمەڵگا و بەها مرۆ و مەعنەوییەکان چەندە هاوشان بە زانست دەچنە پێشێ؟
یەک لەو لقانەى زانستە مرۆییەکان کە گرنگى بە بەرهەمێکى وەک “درۆن” دەدات تیۆرى ئەخلاقە کە لە سادەترین پرسیارەکانەوە دەستپێدەکات: ئاخۆ بەکارهێنانى درۆن چەندە ملکەچى یاساکانى جەنگە[1]؟ ئایا درۆن کەمتر دەکوژێت بەراورد بە ئامرازە جەنگییەکانى تر و چەندەش خەڵکى سڤیل دەبنە قوربانى؟ سادەترین سەرسوڕمانیش لاى بەرامبەر درووست ببێت هەر ئەوەیە کە تۆبڵێى درۆن خۆى تاوان نەبێت و تەنیا کێشە لەسەر جۆرى بەکارهێنانەکەى بێت؟ (هەروەکو وتەکەى ڕۆبسپێر کە دەڵێت پێویست ناکات بزانین پاشا چ تاوانێکى کردووە، بوونى پاشا خۆى تاوانە). بەڵام سەربارى ئەمەش، دیوە ناسەربازییەکەى تەكنۆلۆژياى درۆن خاڵى نیە لە ئاسانکارى و خۆشگوزەرانى، بەتایبەت کۆمەڵێک فرمانى ناسەربازیی هەیە کە خزمەت بە مرۆڤ دەکات وەک: ئاودێرى و کشتوکاڵ، دۆزینەوەى وزە، کۆنترۆڵکردنى ئاگر، شوێنهەڵگرتنى تۆفان، گەیاندنى ئەنتەرنێت بۆ شوێنى عاسى، پاراستنى هەندێک لەو گیانەوەرە کێوییە دەگمەنانەى کە مرۆڤ خۆى ڕاستەوخۆ ناتوانێت بیانپارێزێت و هتد.
سادەترین سەرسوڕمانیش لاى بەرامبەر درووست ببێت هەر ئەوەیە کە تۆبڵێى درۆن خۆى تاوان نەبێت و تەنیا کێشە لەسەر جۆرى بەکارهێنانەکەى بێت؟ (هەروەکو وتەکەى ڕۆبسپێر کە دەڵێت پێویست ناکات بزانین پاشا چ تاوانێکى کردووە، بوونى پاشا خۆى تاوانە)
هەڵپەى زانست، گەرچى لەڕواڵەتدا بۆ سوود و بەکارهێنانە، بەڵام سەرەنجام خاڵى نیە لە شوێنەوارى گەمە. چەندین جۆرى درۆن هەن بۆ گەمەى مناڵان و نەوجەوانان، لەوەش شاراوەتر ئەو ڕاستییەیە کە درۆنە سەربازییەکانیش گەمەیەکى گەورەکانن بە مەرگى نەیارەکانیانەوە. پرسى گەمە لاى مرۆڤ، هەرگیز دابڕاو نەبووە لە مەرگ. تەنانەت لە مێژوودا زۆر هەوڵى مرۆڤ هەن بۆ ئەوەى لەڕێگەى گەمەوە، مەرگ دابهێنێت، کۆنترۆڵى بکات، کەچى شکستدێنێت و ئەوەى بەرهەمدێت تەنیا یەکێکە لە کەرەستەکانى کوشتن. بۆیە هەر داهێنانێک، تێکەڵەیەکە لە سوود و گەمە. هەر لەناو بەکارهێنانەکانى درۆندا، چەندین پارادۆکسى گەورە و بچوک دەبینین: دەشێت کەسێک بۆ ڕاوکردنى ئەو گیانلەبەرانە بەکاریبێنێت کە ئاسان ڕاوناکرێن، واتە بۆ کەشفى نێچیر. بەڵام لێرەدا ئەوەى لەباردەچێت خودى ڕاوکردنە وەک گەمەیەکى دێرینى مرۆیی، گەمەى کوشتنى گیانلەبەرە کێوییەکان. ڕاوکردن بەو سەرکێشى و زەحمەتانەدا دەناسرێتەوە کە کەسى ڕاوکەر تێیدا دەژى. بەشداریی کەرەستەیەکى تەکنۆلۆژیی پێشکەوتوو لە ڕاودا، جۆرێک مەلەل لەم نەریتە کۆنەدا درووستدەکات.
چەندین جۆرى درۆن هەن بۆ گەمەى مناڵان و نەوجەوانان، لەوەش شاراوەتر ئەو ڕاستییەیە کە درۆنە سەربازییەکانیش گەمەیەکى گەورەکانن بە مەرگى نەیارەکانیانەوە
لەم دوو دەیەى پێشوودا، درۆن چەند قۆناغێکى گەشەى خۆى بڕیوە و گەر سەرەتا زلهێزێکى وەک ئەمریکا هەیبووبێت، ئەوا ئێستا دەیان دەوڵەت و ڕێکخراوى ناڕەسمییش هەیانە. بەرەو بازرگانییەکى گەورە هەنگاودەنێت، بۆ نمونە و لەم شەڕەى ڕوسیا-ئۆکرانیاشدا کارکردێکى ئابوریی زەقى هەبوو. وێڕاى ئەمانەش، ناونانى ئەم سەردەمە بە “سەردەمى درۆن” (وەک چەندین کتێب و وتار لەوبارە نوسراون)، ناونانێکى پڕبە بەرى دونیاى ئەمڕۆ نیە. لانیکەم لەبەر ئەو هۆیەى کە پێویستە کۆى ڕەگەزەکانى ڕۆحى سەردەمەکە لە ناوێکدا کۆبکرێتەوە، “سەردەمى درۆن” هێشتا ناوێکى بەشەکى و شمەکییە، و بەتەنیشت چەندین ناوى ترەوە کە لەم سەردەمە نراون، کێشەى “ناونان” خۆى دەردەخەن: ئەم سەردەمە هێشتا تینووى ناوێکى شایستەیە، چونکە بێناوى و ناوە ڕاگوزەرەکان و پووکانەوەى ناوە کلاسیکەکان تێکڕا، گرفت بۆ هەر ناوێکى خێرا درووستدەکەن. پێکداچوونى ڕەهەندى مەرگ و یارى لە درۆندا، ئاماژەیەکى خاکى و ناچارییە بۆ سەردەمێک کە سیاسەت کۆکەرەوەى هەردوو ڕەهەندەکەیە تێیدا. تێچووى کەم لە سەربازیی درۆندا، گەرچى لەڕواڵەتدا ئابورییانە و قەناعەتپێکەر دەردەکەوێت، بەڵام نیشانەى شاراوەى ئەو چێژەیە لە مەرگ کە پێشوەخت نەیارەکانمان غافڵگیرکردووە (گەرنا ئەو تەخشانە مادییەى سیاسەت لەم سەردەمەدا لە شتى پووچدا، هیچ بیانوویەک ناهێڵێتەوە).
ناونانى ئەم سەردەمە بە “سەردەمى درۆن” (وەک چەندین کتێب و وتار لەوبارە نوسراون)، ناونانێکى پڕبە بەرى دونیاى ئەمڕۆ نیە. لانیکەم لەبەر ئەو هۆیەى کە پێویستە کۆى ڕەگەزەکانى ڕۆحى سەردەمەکە لە ناوێکدا کۆبکرێتەوە، “سەردەمى درۆن” هێشتا ناوێکى بەشەکى و شمەکییە، و بەتەنیشت چەندین ناوى ترەوە کە لەم سەردەمە نراون
دوو:
ئەم پێکداچوونەى مەرگ و یارى، فۆرمێکى نوێ لە درۆندا وەردەگرێت: زانینى نهێنیی ئەویتر، زۆرجار بۆ کۆنترۆڵکردنێتى. کۆنترۆڵێک کە سوود و گەمە تێکەڵدەکات بە یەکتر. هاوشێوەى هاککردن، کە سوود و لەزەتى چوونە ناو ئەویتر تێکەڵدەکات، لەزەتى ئەوەى کە ئەویتر خۆى غایبە و تۆش بەناو هەژمارە تایبەتەکەیدا دێیت و دەچیت (هەروەکو کەسانى نایکرۆفیل کە لەزەت لە سێکس دەبینن لەگەڵ لەشى مردوویەکدا). ئەم گەمە توندوتیژە، لە کەسێکەوە دەگرێتەوە بۆ دەوڵەتێک. درۆنەکان و کامێرا نهێنییەکانیان، کۆى فەزا و شوێن بارگاوى دەکەن بە خۆیان و چاوەڕێدەکرێت لە هەموو کات و شوێنێکدا دەربکەون. درۆن، بەو پێیەى فڕندەیەکى ئاسمانییە، قەیران بۆ فەزاى ئاسمان درووستدەکات، بە مانایەکى تایبەتیش ئاسمان لە ئاسمان دەخات: لە هەموو جێیەک هەن و لە هیچ جێیەکیش. ئاخۆ ئەم «لەئاسمانخستنە»، درێژکراوەى هەمان فرمانى کامێراى نهێنى نیە کە شوێنێک لە شوێنێک دەخات؟ با نمونەیەکى گریمانەیی بێنینەوە:
ئەم پێکداچوونەى مەرگ و یارى، فۆرمێکى نوێ لە درۆندا وەردەگرێت: زانینى نهێنیی ئەویتر، زۆرجار بۆ کۆنترۆڵکردنێتى. کۆنترۆڵێک کە سوود و گەمە تێکەڵدەکات بە یەکتر. هاوشێوەى هاککردن، کە سوود و لەزەتى چوونە ناو ئەویتر تێکەڵدەکات، لەزەتى ئەوەى کە ئەویتر خۆى غایبە و تۆش بەناو هەژمارە تایبەتەکەیدا دێیت و دەچیت (هەروەکو کەسانى نایکرۆفیل کە لەزەت لە سێکس دەبینن لەگەڵ لەشى مردوویەکدا)
واى دانێین سیاسییەک (یان هەر کەسێکى تر) گومانى ئەوە دەکات کامێرایەکى هێجگار بچوک و نهێنى لە ماڵەکەیدا دانراوە. پاش ئەم دۆخە، گۆڕان بەسەر فەزاى ماڵدا دێت، ماڵەکە لە ماڵ دەکەوێت: ماڵ کە سنورى جیاکەرەوەى دونیاى دەرەوەیە لە ناوەوە، وەردەگەڕێت بۆ شوێنێکى بێگانە، بۆ دەرەوەیەکى نائەمین. ماڵ، بە زمانێکى تیۆرى، کردەکیبوونەوەى ناوەکییترین ڕووبەرى منە، ئەو شوێنەیە کە چیدى دەرەوە نیە، بەشى دابڕاوى منە لە جیهانى دەرەوە. بەڵام کامێرایەکى مایکرۆى سیخوڕى، دەتوانێت لەم فەزا تایبەتەى خۆم بێبەشم بکات کە ماڵە، لەوەش زیاتر ئەم فەزایە بکاتە دوژمنێک بۆ سەر خۆم. ئێمە شتانێک لە دەرەوە دێنینە ماڵەوە، بەڵام نەک «هەموو شتێک»، ماڵ جیاکردنەوەى هەندێ شتە لەم «هەموو شتێک»ـەى ناو کەوانەکە. کامێرایەک، شتێکە لەو شتانەى ناو کەوانەکە. بە زمانى دەروونشیکارییش، من ناوەوەم نامێنێت و هەستدەکەم بوومەتە دەرەوەى ڕووت و هەموولایەک هەر چاوى چاودێریکارانە بۆ سەر من، ئەوەى کە پێى دەوترێت «پارانۆیا». پارانۆیا، جۆرێکە لە دەروونپەشێوى، بۆیە بۆ ئەوەى تووشى پارانۆیا نەبین دەبێت هەمیشە سنورێک لەنێوان ماڵە تایبەتەکانمان و دونیاى دەرەوەدا بمێنێتەوە. ماڵ، لەماڵداماڵین، ساتى پارانۆیاشە.
لێرەدا دەبێت ئەوەمان بیر بێت کە ئەم “نهێنى”يەى وا بەرهەمى جاسوسى و شوێنهەڵگرتنى ئەوانیترە، جیایە لەو “نهێنى”يە خرۆشێنەر و میتافیزیکییەى کە بۆ نمونە سەدساڵێک لەمەوبەر دەبەسترا بەئاسمانەوە. لەم ڕووەوە، درۆن کە ڕۆبۆتێکى فڕیوە، هەنگاوێک سادەتر و تەوەزەلترە لەو دەفرە فڕیوانەى کە ببووە قسەى سەر زارى خەڵک. هەموومان چیرۆکى خەیاڵیی دەفرە فڕیوەکانمان بیستووە: لەپاش جەنگى جیهانیی دووەمەوە لە چەند وڵاتێکى خۆرئاوادا خەڵکانێک باسیان لەوە دەکرد هەندێک تەنى خڕى فڕیویان بە ئاسمانەوە بینیوە. ئەم تەنانە ڕاست بن یان نا، بۆ نمونە شتانى سرووشتى بن یان خورافى، کار لە کرۆکى چیرۆکەکە ناکەن. یۆنگ لە وتارێکى درێژى خۆیدا لە ساڵى ١٩٥٧، وەک ئوستورەیەکى مۆدێرن ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە کە خەڵک پێویستیان پێیەتى. یۆنگ، ئەو تەنە خڕانە بە دەرهاوێژییەکى دەروونى و نەستەکى دادەنێت کە بیرخەرەوەى ڕەمزە خڕە موقەدەسەکانن. خەڵکى نائومێدى سەدە، هەروا بەوسادەییە چاویان نەکەوتبووە سەر کۆمەڵێک تەنى فیزیکى، بەڵکو پێشوەخت وەک پێویستییەکى دەروونى چاویان بۆ شتى لەو جۆرە دەگێڕا. ئەوان چاوەڕوانییەکى زیاتریان لە ئاسمان هەبوو، چونکە ویستوویانە لە جەنجاڵیی زەوى هەڵبێن. دیارە یۆنگ، بۆ شوێنەوارى دەروونیی ئەو چیرۆکە دەگەڕێت نەک سەلماندنەکەى. لە مۆدێرنەدا، چاوەڕوانیی لەو جۆرە لە ئاسمان، وەک وڕێنەى کەسانى سەرلێشێواو لێکدەدرێتەوە، بەڵام هێشتاش چاوەڕوانییەکە لە ژیانى دەروونیی مرۆڤدا نەسڕاوەتەوە. دیارە لەمڕۆدا، درۆن هیچ چاوەڕوانییەکى خەیاڵیی لەو جۆرە ناڕەخسێنێت و ئەوپەڕەکەى دەرهاوێژیی بەشێک لە شەڕەنگێزیی نیهیلیستانەى زەوییە بۆ ئاسمان کە کارکردى کۆتایی ئەو دەرهاوێژییە کوشتنە لە شێوەى گەمەدا؛ واتە ئاستێک لەژێر کارکردە مەدەنییەکەى درۆنەوە لەناو خەڵکدا کە “گەمەیە لە شێوەى کوشتندا”.
لە کۆندا و لە چەندین چیرۆکى ئوستورەیی تردا، ئێمە فڕندەى تر دەبینین کە شەڕدەکەن و مەرگ دەبارێنن. ئاشناترینیان، «تەیرى ئەبابیل»ـە لە قورئاندا کە کۆمەڵێک باڵندەى شەڕکەرن و سوپاى “ئەبرەهە” لەناودەبەن (یەکێک لە درۆنەکانى سوپاى ئەمڕۆى ئێرانیش ناونراوە ئەبابیل). لەوساوە تا ئەمڕۆ، ئەو بکەرانەى فڕندەکان کۆنترۆڵدەکەن تەواو گۆڕاون: گەر ئەودەم خواوەندێک بووبێت، ئێستا مرۆڤ خۆیەتى. ئەمڕۆ، کۆنترۆڵى ئەم فڕندانەى ناویان “فڕۆکەى بێ سەرنشین”ـه، ڕیزێکە لە زنجیرەیەک کاڵاى ترى مرۆیی کە پێشینەکانى بریتیین لە قاوەى بێ کافایین، جگەرەى بێ نیکۆتین، و هتد. هاوتا زەینییەکەشى بریتییە لەو بووکەڵە سێکسییانەى کە لەولاوە لەبرى ئێمە سێکس دەکەن، درۆنەکانیش لەبرى ئێمە شەڕ دەکەن. لە هەردوو ڕووەکەوە، جەوهەرى مەترسیدارى شتەکە غایبە. بەڵام لەو ڕووەوە تەواو هاوتاى یەکترن کە دیقەتى زانستى، گواستنەوەى دیقەتیشە بۆ کوشتن.
ئەمڕۆ، کۆنترۆڵى ئەم فڕندانەى ناویان “فڕۆکەى بێ سەرنشین”ـه، ڕیزێکە لە زنجیرەیەک کاڵاى ترى مرۆیی کە پێشینەکانى بریتیین لە قاوەى بێ کافایین، جگەرەى بێ نیکۆتین، و هتد. هاوتا زەینییەکەشى بریتییە لەو بووکەڵە سێکسییانەى کە لەولاوە لەبرى ئێمە سێکس دەکەن، درۆنەکانیش لەبرى ئێمە شەڕ دەکەن. لە هەردوو ڕووەکەوە، جەوهەرى مەترسیدارى شتەکە غایبە
سێ:
هەر داهێنانێکى تەکنیکى و سەربازى، بۆ ئێمە بیرکردنەوەیە لە شتێکى تر: کاتێک ئەو شتانەمان نیە، چۆن مامەڵەى سیاسى و ئەمنى و تەنانەت ئاکارى و کۆمەڵایەتییان پێوە دەکەین؟ بەپێى کاڵاکانى سەرەوە کە بازاڕى پۆستمۆدێرنى خۆرئاواى داپۆشیوە، ئەم کاڵا سەربازییە بۆ ئێمە بەردەست نیە و ئاماژەشە بۆ حەکایەتێکى گەورەتر. “فڕۆکەى بێفڕۆکەوان”، هاوتایەکى شاراوەى دەستەواژەیەکى ترە لاى ئێمە کە “خاکى بێسەروەرى”یە. لەلایەکى تریشەوە، پرسى درۆن بۆ ئەوانیتر پرسێکى تەواو سەربازییە، بەڵام بۆ کورد جارێکى تر پرسى جاسوسى و دووبەرەکیی ناوخۆیی زیندوودەکاتەوە: ئەو خۆخۆرییە ڕیشەدارەى کە سەرچاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش باسیدەکەن و لە ژیانى ڕۆژانەشماندا ئەزموونیدەکەین، لەگەڵ داهێنانە تەکنۆلۆژییەکاندا نوێدەبێتەوە. ڕووداوەکەى فڕۆکەخانەى سلێمانى، جارێکى تر ئەو ڕقە کەڵەکەبووەى نێوان حیزب و بنەماڵە کوردییەکانى پیشاندایەوە. ڕووداوەکە لە ڕیشەدا بچوک نابێتەوە بۆ ئەوەى کێ هەواڵى لە “مەزڵوم کۆبانێ” داوە، یان هێرشەکە پتر پەیام بووە تا ئامانجگرتن، یاخود بەشێکە لە ڕیکلامەکانى هەڵبژاردنەکانى ئەمساڵى تورکیا. ئەوەى گرنگ و ڕیشەییە، دووبارەبوونەوەى ئەو دۆخە سیاسى و کۆمەڵایەتى و زەینییەیە کە کۆمەڵگاکە دەگرێتەوە. بۆ نمونە، ئەو هەمووە وزە کۆمەڵایەتییە لەوەدا بەفیڕۆدەدرێت کە کێ ناپاکترە و چاوساغى نەیاران بووە.
ئاخۆ لە ڕووداوێکى وەهادا، دەرچەیەک یان “زیادە”یەک هەیە لە بنبەستى لایەنەکانى سیاسەتى باو دەربچێت؟ ئاخۆ ئەو ترووسکاییە بچوکەى ڕۆژئاڤا لە ناوچەکەدا، ڕۆڵى ئەم زیادەیە دەگێڕێت؟ ئاخۆ ئەم ژەنەراڵە، دەتوانێت هێماى سیاسەتێکى مرۆڤانەتر بێت کە بچێتە ئەودیوى خراپەکارییەکانى درۆنەوە؟ بینیمان گەر حیزبێک بیەوێت لە پێگەى ئەم ژەنەراڵە بدات و خەونى لەناوبردنى هەبێت، ئەوا حیزبەکەى تر دەیەوێت شتێک لە پەناى ئەم کەسایەتییەوە بەدەستبێنێت. گوتارى نەتەوەیی، وەک ڕیکلامێک لەنێوان هەردوولادا هەزاربارەدەکرێتەوە. بەڵام پێگەى سیمبوڵیی ئەم ژەنەراڵە خۆى چیە؟ ژەنەراڵ کۆبانێ، کە وەک ژەنەراڵێکى بێئەستێرە و داڵ و نیشانى سەربازى ناسراوە، کورتنابێتەوە بۆ گوتارى باوى نەتەوەیی لاى هەردوو حیزب: ئەمڕۆ سیاسەتى دونیا و ناوچەکە تێکڕا سیاسەتى پۆڵێن و دابەشکارییە، سیاسەتى نیشانە و ناونیشان و پلەیە. ژەنەراڵێک بەبێ ئەو پۆڵێن و نیشانانە، ئاماژەیە بۆ سیاسەتێک کە خەونى هەیە لەم سیاسەتە باوە قێزەونەى ئەمڕۆى دونیا و ناوچەکەش دەربچێت. داهاتوویەکى دادپەروەر و یەکسان، کە خۆى ناوى نیە و پێویستى بە پلەبەندییش نیە، لەم ژەنەراڵەدا ڕەنگیداوەتەوە. عەدالەت لە مانا فیکرییەکەى خۆیدا لاى کۆمەڵێک بیریار و گرووپ و تەنانەت کەڵت و ئاینزاش، چەمکێکە ناوى نیە (no name)، بێ ناوە، سیمایشى نیە؛ چونکە تایبەت نیە بە شوناسێکى بچوک و بەشەکی، بەڵکو چەمکێکى گشتەکى و گەردوونییە و هەموان بەبێ ناوى تایبەت و لاوەکى و خۆجێى دەتوانن لێى سودمەند بن. مەزڵووم، نوێنەرى شتێکە هێشتا بەتەواوى نەهاتووە و ڕەنگیشە قەت “بەتەواوى” نەیەت. کەى دێت و چۆن دێت؟ ئەمە خۆى مایەى ترسێکى ئایدۆلۆژییە. لەڕاستییدا بیرخستنەوەى زوو زووى ئەوەى کە ئەم “سیما بێسیما”یەش سەر بە پەکەکەیە، هەوڵێکى قووڵتر و شاراوەترە بۆ ئەوەى ناو و سیماى پێ ببەخشرێت و زوویش پاکانەحسێبى لەگەڵ بکرێت و کۆى ئەو ئایدیا “گەردوونى”یەش پەکبخرێت کە هەڵیگرتووە. وێڕاى ئەمەش، ئەم ئایدیایە لەگەڵ سیاسەتى زلهێزەکاندا نایەتەوە کە ڕۆحى سەرمایە و دەوڵەت و دەستدرێژیکاریین- لاى ئەوان چینایەتى لە خوێنیشدا ئامادەیە و خوێنى سەربازێکى ئاسایی ئەمریکى و ئەورووپى لە خوێنى هەر کەسێکى ترى دونیا ئاڵترە (لەو ڕووداوەشدا یاوەریی چەند ئەمریکییەک ئەوى لە مەرگ گەڕاندەوە).
سەرەنجام، درۆن، بۆ داهاتوو وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشى کوردستان دەمێنێتەوە. “ئاسایشى کوردستان”، پرسێکى گشتییە نەک حیزبى. حیزب هەمیشە دەیەوێت پشکى خۆى لە پرسە گشتییەکان ببڕێت و قازانجیان لێ وەربگرێت. ئەم پشێوییەى ئێستا و ئەم جەنگە سیمبوڵییەى کە زۆرینەى خەڵکى تووشى خۆى کردووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لە قازانجى حیزبدایە. باشترین هەنگاوى خەڵک ئەوەیە، دەرگیر نەبێت، لانیکەم بەپێى ئەو پێوەر و زمانەى کە دەچێتە خزمەتى حیزبەوە. بەپێى پێوەر و زمانى حیزب بێت، کۆمەڵگا دەبێتە دوو بەشى دژیەک، بۆ ئەوەى هەر لایەک خۆى لەگەڵ خەڵکەکەى خۆیدا هاوشوناس بکات و هێز و ڕەوایەتیى لێوە وەربگرێت: زمانێکى جیاوازمان پێویستە بۆ پووچەڵکردنەوەى ئەم سەرچاوەیەى کە حیزب هەژموونى خۆى لێوە وەردەگرێت. لەبەرامبەر داهێنراوە سەربازییەکاندا، ئەوەى لە هەمووى گرنگترە پاراستنى دەنگى ڕیشەدارى خەڵکە تا لە بۆتەى حیزبێکى کوردىدا نەتوێتەوە. ڕەنگە بۆ وڵاتانى زلهێز، پرسیارە “ئەخلاقی”یەکەى تایبەت بە درۆن ئەوە بێت ئاخۆ کەسى مەدەنى دەکوژێت؟ بەڵام بۆ ئێمە، ئەخلاقى مامەڵەکردنمان بە ئاسایشى گشتییەوە، مامەڵە لەگەڵ یەکتردا، پاراستنى ئەو بەهایانەشى کە لەودیوى داهێنراوە زانستى و سەربازییەکانەوە دەمێنێتەوە و پێویستە بمێنێتەوە. خەڵک، خۆى ئۆپۆزسیۆنێکى ڕاستەقینەى دەسەڵاتە بێ ئەوەى لە قاڵبى حیزبدا بچوککرێتەوە.
[1] لەم ڕووەوە، فیلمێکى وەک “eye in the sky”، تایبەتە بە ئاکارى داهێنانە سەربازییەکانى لە چەشنى درۆن.