زووم، رۆژنامەى سەباح
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق دەڵێت، بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، هەرچەندە لە بەرژەوەندى عێراق شکایەوە و رێککەوتنى بەغداد و هەولێرى بەداوداهات، بەڵام بووەهۆى وروژاندنى بابەتى دۆزینەوەى رێگەیەکى نوێ بۆ هەناردەى نەوت.
سوهەیلە سوڵتانی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەکەى گوتووە، ئەو رێککەوتنەى هەفتەى رابردوو لەنێوان محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کرا، هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی رێکار و بڕیارەکانى حکومەتى فیدراڵى بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوت.
سوهەیلە سوڵتانی دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نەبووە بۆ هەناردەکردنى نەوت لەرێگەى هێڵی بەسرە – عەقەبە، بەو پێیەی تێچووی زۆرە، بەڵام چاککردنەوەى هێڵی کەرکوک-بانیاس گرنگە، کە بەهەمان ئەو رێرەوەدا دەڕوات کە هێڵی جەیهان دەگەیەنێت بە دەریای ناوەڕاست.
بۆری کەرکوک- بانیاس، نەوتى خاو لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سوریا دەگوازرێتەوە، توانای گواستنەوەى 300 هەزار بەرمیل نەوتى لە رۆژێکدا هەیە.
بۆرییەکە لە 23ى نیسانی 1952 کرایەوە، بەڵام لەکاتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە زیانی پێگەیشت و لەکارکەوتووە.
سوهەیلە سوڵتانی دەڵێت، پێویستە بابەتی هەناردەی نەوت لە رێگای تورکیا ببەسترێتەوە بە هەندێک دۆسیەی دیکەی نێوان هەردوو وڵات، وەک دۆسیەی نەوت و دەستدرێژیە بەردەوامەکانی تورکیا.