زووم, ئاژانسەکان:
نەیجیریا، وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوتەکەى ئەفریقیا، ساڵانە بەهۆى کێشەى زەوى و زارەوە دەیان کەسى تێدا دەکوژرێت، لە چەند رۆژى رابردووشدا لە دوو هێرشی جیاوازدا لە پارێزگای بێنوێی وڵاتەکە، لانیکەم 74 کەس بەوهۆیەوە کوژراون.
ساڵ لە دواى ساڵ رووبەرى لەوەڕگا و پاوان بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵ لە نەیجیریا کەمدەبێتەوە، چونکە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانى وڵاتەکەوە، زۆربەى زەوییە لەبارەکان دەکرێن بە کشتوکاڵ، ئەمەش ئەو کەسانەى روبەڕوى کێشە کردووەتەوە کە کارى ئاژەڵداریی دەکەن.
پۆلیسی پارێزگای بێنوێ رایگەیاند، شەوی شەممە لە کامپێکدا تەرمی 28 کەس دۆزرانەوە، بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر دانیشتووانەکەی و دەستیان بە دەستڕێژی گوللـە کردووە.
رووداوەکە پەیوەندی هەبووە بە رووداوێکی دیکەی هەمان پارێزگا کە چوارشەممەى رابردوو روویدابوو، لە ئەنجامی هێرشی گروپێکی ئاژەڵدارەکان بۆسەر پرسەیەکی گوندنشینان 46 کەس کوژرابوون.
لە راگەیەندراوێکدا محەمەدوو بوهاری سەرۆکى نەیجیریا ئیدانەی “ئەو روداوانەی کوشتنی کرد لە پارێزگای بێنوێ کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران.” هێزە ئەمنییەکانیشی راسپارد چاودێرییەکانیان لەو ناوچانەدا زیاتر بکەن کە هێرشەکان تیایاندا روویداوە.
بێنو یەکێکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی نەیجیریا کە ساڵانە کێشەی زەوی و زار لەنێوان جوتیاران و ئاژەڵداران دروست دەبێت، کێشەکان لەوێوە سەرهەڵدەدەن کە ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان دەکەنە نێو کێڵگە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمەکانیان لێ تێکدەدەن.
نەیجیریا دەکەوێتە رۆژئاواى کیشوەرى ئەفریقیاوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 213 ملیۆن کەسە، وڵاتەکە بۆ 80%ـى داهاتەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 19%ـى دانیشتووانى وڵاتەکە بە کارى جوتیارییەوە سەرقاڵن کە دەکاتە 40 ملیۆن کەس.