زووم:
عێراق و ئێران ساڵانێکە پرۆژەیەکى هاوبەشیان هەیە بۆ بەیەکەوە بەستنى هەردوو وڵات لە رێگەى هێڵى ئاسنینەوە، بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکانیش، بڕیارە لە پاش رەمەزان هەڵمەتێکی هاوبەش لە لایەن هەردوو وڵاتەوە دەستپێبکرێت بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانى سەر سنوور تاوەکو رێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستپێکردنى پڕۆژەکە.
هێڵە ئاسنینەکە شاری بەسرەی باشوری عێراق لە نزیک دەروازەی سنووریی شەلەمچە بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە، کە دەکەوێتە نزیک رێرەوی ئاوی شەتولعەرەب.
رەزاق موحەیبیس، وەزیری گواستنەوەی عێراق و هاوتا ئێرانییەکەی رەزامەندییان داوە لەوەی کە لەدوای رەمەزانەوە دەستبکەن بە پرۆژەکە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە تاران پێکەوە کۆبوونەوە.
پرۆژەکە پردێکی هەڵواسراوی لەسەر شەتولعەرەب لەخۆ دەگرێت و لەماوەی 18 مانگدا تەواو دەکرێت.
لە ساڵی 2022دا بەغداد راگەیاند، تێچووی پرۆژەکە لە دیوی عێراق 150 ملیۆن دۆلار دەبێت و ئێرانیش لەو دیوی سنوری خۆیەوە پرۆژەکە تەواو دەکات کە شاری خۆرامشەهر بە دەروازەی سنوریی شەلەمچە دەبەستێتەوە.