زووم، ئاژانسەکان
بەرەبەیانى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر سوپاى سوریا و دەڵێت، هێرشەکە لە تۆڵەى هێرشێکى موشەکى سوپاى سوریادا بووە بۆ بەرزاییەکانى جۆلان.
بەگوێرەى سەرچاوەیەکى سەربازى سوپاى سوریا، هێرشەکەى سوپاى ئیسرائیل کاتژمێر 5:00 بەرەبەیانى ئەمڕۆ، یەکشەممە کراوەتە سەریان. دەڵێت، بەرگرییە ئاسمانییەکان هەندێک لە موشەکەکانیان خستووەتە خوارەوە.
سوپاى ئیسرائیل: بەزاندنى سنورمان قبوڵناکەین
گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، “بۆردومانی کۆمەڵگەیەکى سەربازى، سیستمی راداری سەربازی و تۆپخانەکانی سوریایان کردووە”.
سوپاى ئیسرائیل، سوپاى سوریا تۆمەتبار دەکات کە ئەو دەستپێشخەرى کردووە و چەند موشەکێکى ئاراستەى بەرزاییەکانى جۆلان کردووە.
گوتەبێژەکە دەڵێت، “لە وڵامى ئەو هێرشەدا لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە هێرشمان کردووەتە سەر سوپاى سوریا”. ئەو دەڵێت، ئیسرائیل بەزاندنى سنور قبوڵ ناکات.
پێشهاتە سەربازییەکەى ئەم بەیانییە لەکاتێکدایە ئیسرائیل ئێستا لە چەندین لاوە لە روبەڕوبوونەوە و شەڕدایە؛ گرژییەکانى نێوان هێزە ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان لە مزگەوتى ئەقسا روو لە زیادبوونە، شەڕى موشەکى غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە.
لە لایەکى دیکەوە، پێنجشەممەی رابردوو، لە باشوری لوبنانەوە، هێرشی موشەکى کرایە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەکانى بزوتنەوەى حەماس لە لوبنان وەڵامی دایەوە.
ئیسرائیل لە جەنگی 1967دا بەرزاییەکانی جۆلانی کۆنتڕۆڵکرد، هەرچەندە لە هەشتاکاندا ئیسرائیل بەرزاییەکانى جۆلانى وەک خاکى خۆى ناساند، بەڵام لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانیپێدانەنرا.