زووم، ئاژانسەکان
رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ، رەخنە لە ئازادى کارى رۆژنامەنووسی لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەگرێت و داوا دەکات “بەرپرسان کۆتایی بهێنن بە تۆقاندن، هەراسانکردن، دەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان”.
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ئەمڕۆ، شەممە راپۆرتێکى لەبارەى “خراپی دۆخی ئازادی رادەربڕین” لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
لە راپۆرتەکە هاتووە، لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، رۆژنامەنوسان، چالاکان و رەخنەگران روبەڕوی خراپى دۆخى ئازادى رادەربڕین بوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
رێکخراوەکە دەڵێت، بەرپرسانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، میدیا وەک ناحەزێکی خۆیان دەبینن و دەیانەوێت، لەبری ئەوەی روانگەیەکی گرنگی کۆمەڵگا بن، لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، بەرپرسانی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایانەی کە بە زمانێکی ناڕوون نوسراون، خراپ بەکاریدەهێنن بۆ تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێدەگرن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دەسەڵاتداران بەگوێرەى ئەم یاسایانە لێپێچینەوە دەکەن بۆ ترساندن و لە هەندێک حاڵەتدا، بێدەنگکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکان و دەنگە ناڕازییەکانی دیکە.
لەکۆتایی راپۆرتەکەشدا، رێکخراوەکە داوادەکات، بۆ ئەوەی ئازادی رادەربڕین پارێزراو بێت و کاری راگەیاندن پەرەبسێنێت، دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت کۆتایی بهێنن بە تۆقاندن، هەراسانکردن، دەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان و هەموو ئەوانەی مومارەسەی ئازادی رادەربڕین دەکەن لە وڵاتەکەدا.
راپۆرتەکەى هیومان رایتس وۆچ لەکاتێکدایە، لە دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە رۆژی 20ی ئازارى 2023 بڵاوکرایەوە، تایبەتە بە “پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022″، لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، لە راپۆرتەکەدا رەخنە لە ئازادیی رادەربڕین گیراوە لە هەرێمی کوردستان. راپۆرتەکە نیگەرانى “توندى” حکومەتى هەرێمى لێکەوتەوە و نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامێکدا بۆ راپۆرتەکە گوتبووی: دووڕوویی و ئیزدیواجیەتی تێدایە.