زووم، ئاژانسەکان
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا پشتڕاستى دەکاتەوە، کە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى هێرشکراوەتە سەر کاروانێکى سەربازیی کە کارمەندى ئەمریکاى تێدابووە. میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، هێرشەکە بۆسەر مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) بووە.
جۆی بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەى ئیمەیڵەوە وەڵامى هەریەک لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی و ئەلمۆنیتەری دایەوە و رایگەیاندووە، “پشتڕاستی دەکەمەوە کە لە سلێمانی هێرش کراوەتە سەر کاروانێکی سەربازیی و کاروانەکە سێ کارمەندی سەربازیی ئەمریکی تێدابووە. ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە.”
هەرچەندە جۆی بۆچینۆ، ناوى مەزڵوم عەبدى نەهێناوە، بەڵام ئەو دوو میدیایە و چەند میدیایەکى دیکەش دەڵێن، هێرشەکە بۆ بە ئامانجگرتنى مەزڵوم عەبدى بووە.
شەوى رابردوو ناوەندى راگەیاندنى هەسەدە رەتیکردەوە، مەزڵوم عەبدى، لە سلێمانى کرابێتە ئامانج و گوتى”لەسەر کارى خۆیەتى و لە سلێمانى نەکراوەتە ئامانج”. بەڵام روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ دەڵێت، هێرشەکە بۆ بە ئامانجگرتنى مەزڵوم عەبدى بووە.
هاوکات رۆژنامەى شەرقولئەوسەت لە ژمارەى ئەمڕۆیدا باسی هێرشەکەى کردووە و لە زارى سەرچاوەیەکیەوە لە سلێمانى بڵاویکردەوە، ئێوارەى دوێنێ مەزڵوم عەبدى لە هەوڵێکى “تیرۆرکردن” لە فڕۆکەخانەى سلێمانى رزگارى بوو.
بە گوتەى سەرچاوەکە، بە ماوەیەکى کەم پێش هێرشەکە مەزڵوم عەبدى سلێمانى جێهێشتووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، هێرشەکە بە موشەک و لە رێگەى درۆنەوە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
شەوى رابردوو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق داواى لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کرد، لە ئاست ئەم پێشێلکارییانەی سەر سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق بێدەنگ نەبن.
کاروان یاروەیس، ئەندامى فراکسیۆنەکەش رایگەیاند، لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شاندێکی باڵا بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سەردانی سلێمانی دەکات.
بە گوتەى کاروان یاروەیس، شاندەکە لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتى سلێمانی دەکات.
هاوکات بڕیارە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ دەرخستنی راستیەکان پێکبهێنێت لە لیژنە پەیوەندارەکانی پەرلەمان، لیژنەکەی عێراق سەردانی سلێمانی دەکات.