زووم:
لە ماوەى 100 رۆژدا، لە نێوان نیسان بۆ تەمموزى 1994، یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانى دژى مرۆڤایەتى لە ئەفریقیا و بگرە لەسەر ئاستى جیهانیش لە رواندا روویدا، کاتێک لە گەرمەى جەنگى ناوخۆیی وڵاتەکەدا، نزیکەى یەک ملیۆن کەس لە هەڵمەتێکى پاکتاوکردندا دژى هۆزى “توتسى” لەناوبران.
نەتەوەیەکگرتووەکان، 7ى نیسانى وەکو رۆژى یادکردنەوەى جینۆسایدى هۆزى “توتسی” دیاریکردووە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا چەندین چالاکى جۆراوجۆر رێکدەخات.
رواندا دەکەوێتە ناوچەی دەریاچە گەورەکان لە ناوەڕاستی رۆژهەڵاتى ئەفریقیا، بەراورد بە دراوسێکانی وڵاتێکی بچوکە، لە کۆنەوە دوو ھۆزی گەورە تێیدا نیشتەجێی بوون “ھۆتۆ و “توتسی”.
بەگوێرەى سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم دوو هۆزە پێش داگیرکردنى وڵاتەکەیان لەلایەن ئەڵمانیا و دواتر بەلجیکاوە، بەبێ گرفتێکى ئەوتۆ پێکەوە دەژیان و ھاوبەش بوون لە رۆشنبیری و زمان و ئاییندا.
داگیرکاریی سەرەتاى دەستپێکى نەهامەتى رواندییەکان
بەڵام وڵاتانى داگیرکەر لەپێناو بەرژەوەندییەکانى خۆیاندا هەرجارە و یەکێک لە هۆزەکانیان کردووە بە دەسەڵاتدار و لە بەرامبەردا هۆزەکەى دیکە ئەو دۆخەى قبوڵ نەبووە و بەگژیدا چووەتەوە، تا واى لێهات رەگوڕیشەى ناکۆکییەکى قوڵ لە نێوان “ھۆتۆ و “توتسی” دروستبوو.
لە کۆتایی پەنجاکانى سەدەى رابردوودا ھۆتۆییەکان لە هەڵمەتێکى فراواندا توانییان توتسییەکان لە دەسەڵات لابەرن، ماڵەکانیان سوتێندران ئاژەڵەکانیان لەناوبران، بەرەو تاراوگە “ئۆگەندا، بۆرۆندی، کۆنگۆ و تانزانیا” ھەڵاتن و ئاوارەبوون.
تۆتسییە دەرکراوەکان لە ئۆگەندا ریزەکانی خۆیان رێکدەخستەوە و “بەرەی نیشتمانیی رواندایان” دامەزراند، ساڵی 1991 هێرشێکى فراوانیان کرد بۆ لابردنى هۆتۆییەکان لە دەسەڵات، بەڵام فەرماندەکەیان “فرێد رۆیگیاما” لە هێرشەکەدا کوژراو سەرکردایەتییەکەی کەوتە دەست پیاوێک بەناوی “پۆڵ کاگامی” ئەو گەنجە لاوازەی کە بۆماوەیەکی دوورودرێژ رواندا و جیھان ناوەکەی لەبیرناکەن.
پۆڵ کاگامی ریزەکانی بەرەى نیشتمانیی رێکخستەوە و ھێرشی دەستپێکردەوە، ھێزەکانی گەیشتنە نزیک “کاگالی” پایتەخت، سەربارى دەستپێشخەری نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام حکومەتى هۆتۆییەکان گفتوگۆى ئاشتى رەتکردەوە.
هۆتۆییەکان رادیۆیەکیان دامەزراند بۆ هاندان دژى توتسییەکان
رادیۆیەکیان دامەزراند و بەکاریان دەهێنا بۆ بەردەوامیدان بە ھاندان دژی توتسییەکان، بە “سیسرک” وەسفیاندەکردن و داوایان لە ھۆتۆییەکان دەکرد خۆیان لە ھاوسەرگیری و بازرگانی لەگەڵیاندا بە دووربگرن.
ھاوکات لەگەڵ ئەوەدا سوپا دەستیکرد بە پڕچەککردنی ھۆتۆییەکان بە کوتەک و داس، لە حەوتى نیسانی 1994 بڵێسەی شەڕی ناوخۆ ھەڵگیرسا و فڕۆکەکەی “ھابیارمیانا”ى سەرۆکى رواندا کەوتەخوارەوە.
هەرچەندە رووداوەکە ئاڵۆز و ناڕوون بوو، بەڵام رادیۆى هۆتۆییەکان هەر زوو بڕیارى خۆیدا “توتسییەکان سەرۆکیان کوشت و ئێستا کاتی کوشتنی ھەموویانە”.
شەڕ و کوشتارێکی بێوێنە بەرپابوو، ژمارەیەکى زۆر لە توتسییەکان و ئەوانەى هاوپەیمانیان بوون کوژران، تەرمی کوژراوەکان لەسەر شەقامەکان کەڵەکەببوون.
پاش ماوەیەکى کەم، بەرەى نیشتمانی رواندا بە سەرۆکایەتى توتسییەکان، ھێرشەکانیان دەستپێکردەوە، کوشت و کوشتار رانەوەستا ھەتا کەوتنی کاگالى پایتەخت دوای 100 رۆژ لە شەڕى بەردەوام.
حکومەتێکی نوێ دەستبەکاربوو، پۆڵ کاگامی گەنج پۆستی جێگری سەرۆکی گرتەدەست و سەرلەنوێ ئاوارەبوون دەستیپێکردەوە بەڵام ئەمجارە لای ھۆتۆییەکان، دوو ملیۆن کەس لە ترسی تارمایی تۆڵەکردنەوە بەرەو زائیر ھەڵاتن.
بە هاتنى کاگامی “موعجیزە”کەى رواندا دەستیپێکرد
ساڵی 2000 پۆڵ کاگامی گەیشتە دەسەڵات، دوو بابەتى کردە ئامانجى سەرەکى خۆى: یەکخستنی گەلە پەرتەکەی بەھۆی شەڕی ناوخۆوە و رزگارکردنی وڵاتەکەی لە ھەژاریی.
لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی یەکەمیدا کاگامی پلانێکی تۆکمەى داڕشت، ھەموو ساڵێک لە حەوتی نیسانەوە بۆ ماوەی 100 رۆژ پرسەی سەرتاسەری رادەگەیەندرێت، لە ناوەندەکانى خوێندن وانەى تایبەت بە کۆمەڵکوژى دەخوێنرێت.
کاگامی دەستبەرداری دادگا بەرفراوانەکان بوو، تەنھا ژمارەیەک لە تاوانبارە گەورەکانی رادەستی دادگا نێودەوڵەتییەکان کرد.
کاگامی نیشتمانێکى نوێى بونیادنا، ئاڵا و سرودى نیشتمانی و دەستورێک کە بەکارھێنانی ناوەکانی ھۆتۆ و توتسی قەدەغەکرد.
پلانەکەى کاگامى رواندای بۆ نمونەیەکی دەگمەن گۆڕی “پێکەوەژیانی نێوان تاوانباران و قوربانییەکان کە خۆیان بۆ یەکتر ئاشکرادەکەن و پێکەوە ھاوسەرگیری دەکەن”.
پاشان کاگامى هەوڵەکانى لە بوارى ئابووریدا دەستپێکرد، رواندا کە تا ئەوکاتە زۆرینەى هاوڵاتییەکانى لەژێر هێڵى هەژارییەوە دەیانناڵاند، ئێستا یەکێکە لەو ئابوورییانەى کە زۆر بەخێرایی لە جیهاندا گەشە دەکات، قەبارەى ئابوورییەکەى سێ هێندە زیادیکردووە.
پۆڵ کاگامى 65 ساڵ، ئێستا 23 ساڵە لەسەر حوکمە و بەنیازە لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى داهاتوودا، جارێکى دیکە خۆى بە سەرۆکایەتى وڵات کاندید بکاتەوە، بەڵام پێدەچێت هاوشێوەى هەڵبژاردنەکانى رابردوو سەروو لەسەدا 90ى دەنگەکان بەدەستبهێنێتەوە.