زووم:
بڕیارەکەى تورکیا سەبارەت بە راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکانى وڵاتەکەى بۆ سلێمانى لێکەوتەى زیاتر بەدواى خۆیدا دەهێنێت و بەوهۆیەوە ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان ئەڵمانیا و سلێمانیش راگیران، مەترسى لەسەر راگرتنى گەشتى وڵاتانى دیکەش هەیە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەبارەی راگرتنی گەشتەکانی ئەڵمانیا و سلێمانی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت “گەشتی ئاسمانی دۆسلدۆرف بۆ سلێمانی هەڵوەشێنراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی رەزامەندیی نەدراوە بە تێپەڕبوونی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی کۆندۆر بەسەر ئاسمانی تورکیادا.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی جەختدەکاتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتە ئاسمانییە پەیوەندیی بە داخستنی ئاسمانی تورکیاوە هەبووە لەلایەن لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیاوە.
فڕۆکەخانەی سلێمانی دەشڵێت لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانمانەوە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە و ئاساییكردنەوەی گەشتەكان “لە هەر گۆڕانكارییەك هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە”.
جگە لە ئەڵمانیا، مەترسى ئەوە هەیە وڵاتانى دیکەش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ سلێمانى رابگرن، چونکە سەرچاوەیەکی تایبەت بە زوومى گوت “تورکیا هێڵە ئاسمانییەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رێگەنادەن هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی تورکیادا بچێتە سلێمانی”.
تورکیا لە 3ى ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ سلێمانى راگرتووە و دوێنێش وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکە لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، تاوەکو 3ی تەمموز رێگە بە هیچ گەشتێک بۆ سلێمانى نادرێت.
وەزارەتى دەرەوى تورکیا ئاماژەى بەوەشدابوو زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هۆکاری وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیایە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتى داد و گەشەپێدان “ئاکەپە” لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا وەکو ئاماژەدان بە پارتى کرێکارانى کوردستان رایگەیاند، لە پارێزگاى سلێمانی هەژموونی “تیرۆر” هەیە، ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەمان و لەلایەن ئێمەوە قبوڵ ناکرێت.
گوتەبێژی ئاکەپەى دەسەڵاتدار جەختیکردەوە کە تاوەکو سێی تەمموز بڕیاری راگرتنی گەشتەکان دراوە، ئەگەر لەوماوەیەدا کۆتایی بە هەژموونی “تیرۆر” هات، دەتوانرێت چاو بە بڕیارەکە بخشێنرێتەوە و جارێکی دیکە بەگوێرەى دۆخەکە هەڵسەنگاندن بکرێت.
لەلایەکى دیکەوە ئیبراهیم کالن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ئێمە ئەمە دەزانین پەکەکە لە سلێمانى رێکخستنێکى جددى هەیە و کار بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی خۆى دەکات.
گوتیشى بەهیچ شێوەیەک چاومان داناخەین و رێگە نادەین پەکەکە لە سلێمانی، مەخمور و یاخود هەر جێگەیەکی دیکە هێلانە دروست بکات.
سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەى دوو هێلیکۆپتەرەکەى دهۆک کە بەهۆیەوە 9 شەڕڤانى هەسەدە گیانیان لەدەستدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانى بەغداد و هەولێر تاوتوێى ئەو پرسەمان کردووە و گفتوگۆکان لەوباریەوە بەردەوامن.